ڕاچڵەکین سپۆرت -
ڕۆبەرت لیڤاندۆڤسکی پۆڵەندی، هێرشبەری یانەی بەرشەلۆنە، دووپاتیکردەوە کە یانەی ڕیال مەدرید هەرگیز یاریزانێکی وەک هاوڕێکەی لامین یامال نادۆزێتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی یانەی ڕیال مەدرید هەست بە فشار دەکات بۆ بەدەستهێنانی یاریزانێکی وەک لامین.
لیڤاندۆڤسکی بە ئی ئێس پی ئێن-ی ڕاگەیاند، پێموایە یانەی ڕیال مەدرید فشارێکی زۆری لەسەرە بۆ بەدەستهێنانی یاریزانێکی کوالیتی بەرز وەک لامین یامال، پێموانییە ئەوەندە ئاسان بێت، بە پێچەوانەوە ڕەنگە نزیکبێت لە مەحاڵەوە.
هێرشبەرە پۆڵەندییەکە ئاماژەی بەوەشکرد، باشترە ڕیال مەدرید بە ڕێگەی خۆیدا بڕوات، جەماوەر چاوەڕوانی ئەوەیان هەیە یاریزانێکی دیکەی وەک ئەو دەربکەوێت، بەڵام ئەوە وانییە، یاریزانێکی وەک لامین یامال ساڵانە لە هەموو شارێکدا لەدایک نابێت، ڕەنگە جیهان تەنها لە دە ساڵ جارێک یاریزانێکی وەک ئەو ببینێت.
لیڤاندۆڤسکی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەوەی من دەیڵێم کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی دەگرێتەوە، ئەو دووانە تەواو جیاواز بوون لەوانی تر، بیرۆکەی دۆزینەوەی مێسی یان ڕۆناڵدۆیەکی تر مەحاڵە، ئەوان ناوازەن.
هێرشبەرە پۆڵەندییەکە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لە یەکەم یاری بارسێلۆنا لە وەرزی نوێی لالیگا بەرامبەر ڕیال مایۆرکا بەشداری ناکات، چونکە بەردەوامە لە چاکبوونەوە لە پێکانەکەی.