ڕاچڵەکین سپۆرت -
ڕۆما بڕیاریدا دەرگاگەی دابخات لە مانو کۆنی ئەستێرەی فەرەنسی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەیوەندی بە ئەگەری گواستنەوەی بۆ ئینتەرمیلانەوە هەبوو.
بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، دانوستانەکانی نێوان هەردوو یانە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا دەستیپێکردووە و پێدەچێت نزیک بێت لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بە بەهای 45 ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ پاداشتەکان.
بەڵام تۆڕی سکای سپۆرتی ئیتاڵیا دووپاتیکردەوە کە ئیدارەی ڕۆما کۆتایی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئینتەرمیلان هێناوە و دەرگاکەیان لەسەر هەر ئەگەرێکی ڕۆیشتنی کۆنی بۆ نێرازۆری داخستووە.
سکای سپۆرت لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوونیکردووەتەوە، ئەو بڕیارە دوای گفتوگۆکانی نێوان جیان پیێرۆ گاسپێرینی ڕاهێنەری یانەکە و خاوەنەکانی یانەکە، خێزانی فریدکین هاتووە، کە تێیدا ڕێککەوتن لەسەر ئەوە کراوە کە کۆنی بەشێکی سەرەکی بێت لە پرۆژە وەرزشیەکەی ئێستا و بەردەوام دەبێت لە ژیانی وەرزشی لەگەڵ جیالۆرۆسی لە یاریگای ئۆڵۆمپیکۆ.
سکای لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، خێزانی فریدکین زۆر ناڕەحەت بوون بەهۆی کاردانەوە توڕەییەکانی سۆشیال میدیا سەبارەت بە بیرۆکەی فرۆشتنی ئەو یاریزانە، بەتایبەتی دوای ئەوەی هەواڵەکان دەرکەوتن کە ئەو گرێبەستە پێویستە بۆ دابینکردنی پارەی گواستنەوەی جادۆن سانچۆ لە یانەی مانچستەر یونایتد و لیۆن بەیلی لە یانەی ئەستۆن ڤێلا.