راچڵەكین -
بەرپرسێكی حكومەتی حكومەتی عیراق رایدەگەیەنێت، لەسەر بنەمای رێككەوتنە ئەمنییەكەی نێوان عیراق و ئەمریكا، مانگی داهاتوو بەفەرمی ئەركی نێردەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژ بە داعش لە عیراق كۆتایی دێت.
حوسێن عەلاوی، راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عیراق، لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵەكانی عیراق (واع) رایگەیاند: ئەركی نێردەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە بەغدا و بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد، لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ كۆتایی دێت، حكومەتی عیراقیش پابەندە بە كارنامە حكومییەكەیەوە بۆ بنیاتنانی هێزە چەكدارەكان و كۆتاییهێنان بە ئەركەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و گواستنەوەی پەیوەندییە ئەمنییەكان لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بۆ پەیوەندیی بەرگریی دوولایەنە.
راوێژكارەكەی سەرۆكوەزیرانی عیراق ئاماژەی بەوەشكرد، عێراق لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گەیشتوونەتە ڕێككەوتنێك بۆ كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەگوێرەی خشتەیەكی كاتیی دیاریكراو لە 2025 و 2026، لە قۆناغی یەكەمدا ئەركی هێزە نێودەوڵەتییەكە لە ئەیلولی 2025 لە بەغدا و بنكەی عەین ئەسەد كۆتایی دێت، لە قۆناغی دووەمیشدا ئەركی هێزەكە بە تەواوی لە ئەیلولی 2026 كۆتایی دێت.
رۆژی 27-9-2024 عیراق و ئەمریكا لەسەر دیاریكردنی وادەیەك رێككەوتن بۆ كۆتایی هێنان بە ئەركی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عیراق لەماوەی 12 مانگدا.