شارێكی نوێ لە بەغدا دروستدەكرێت

عێراق

21 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 284

راچڵەكین 

حكومەتی عیراق پڕۆژەیەكی گەورەی نیشتەجێبوون بەناوی شاری سەدر-ی نوێ لە بەغدا دروستدەكات كە زیاتر لە 60 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لەخۆدەگرێت.

ئەمڕۆ یەكشەممە 17-8-2025، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق، سەرپەرشتی كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئاوەدانكردنەوەو وەسبەرهێنانی كرد، كە تایبەت بوو بە گفتگۆكردن لەبارەی پڕۆژەی نیشتەجێی شاری سەدر-ی نوێ.

نوسینگەی راگەیەندانی سودانی بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی وردەكارییەكانی پڕۆژەكە كرا، كە یەكێكە لە پڕۆژە گەورەكانی نیشتەجێبوون و كاریگەریی لەسەر كەمكردنەوەی قەیرانی نیشتەجێبوون لەشاری بەغدای پایتەخت دەبێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە پێكدێت لە دروستكردنی 11 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون و رووبەری سەوزایی و ناوچەی بازرگانی، سودانی بڕیاریداوە تەنها دانیشتوانی مەدینە سەدری بەغدا لەو پڕۆژەیە سوودمەند بن، بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجامی سەرژمێریی دانیشتوان كە لە 2024 ئەنجامدرا، دەكرێتە پێوەر.

سەرۆكوەزیرانی عیراق داواشی لە لیژنەی باڵای ئاوەدانكردنەوەو وەسبەرهێنان كرد، تێچووی یەكەكانی نیشتەجێبوون بە جۆرێك بێت كە لەگەڵ توانای ئابووری هاووڵاتیانی مەدینە سەدر یەكبگرێتەوە.

پڕۆژەی نیشتەجێبوونی شاری سەدر-ی نوێ، كە شوێنەكەی دەكەوێتە باكووری رۆژهەڵاتی شاری بەغدا، لەسەر رووبەری چوار هەزار دۆنم بە چەند قۆناغێك جێبەجێ دەكرێت، لە 60 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون پێكدێت، جگە لە چەندین شوێنی بازرگانی و رووبەرێكی فراوانی سەوزایی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن