محەمەد حەلوبسی، سەرۆكی حزبی تەقەدوم
راچڵەكین -
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لەبارەی دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی لە خۆكاندیدكردن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، روونكردنەوە دەدات و رایدەگەیەنێت، زانیاری ناڕاست لەوبارەیەوە بڵاوكراوەتەوەو حەلبوسی دوورنەخراوەتەوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە 17-8-2025، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق لە روونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە، ئەو نوسراوەی كە بەناوی ئەنجومەنی كۆمسیارانەوە بڵاوكراوەتەوە لەبارەی دوورخستنەوەی محەمەد حەلوبسی، سەرۆكی حزبی تەقەدوم لە خۆكاندیدكردن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، ساختەیە و هیچ نوسراوێك لەلایەن كۆمسیۆنەوە لەوباریەوە بڵاونەكراوەتەوە.
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان داواشی لە كەناڵەكانی راگەیاندن كردووە، پشت بە نوسراوی ساختە نەبەستن و بۆ وەرگرتنی هەر بڕیار و نوسراوێكی كۆمسیۆن، پشت بە پەیجی فەرمی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ببەستن.
روونكردنەوەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، لەدوای بڵاوبوونەوەی نوسراوێكی ساختەی ئەنجومەنی كۆمسیاران هات كە تێیدا بڕیاردرابوو بە دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی لە لیستی كاندیدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەی نوێنەران بەتاوانی ساختەكاری و لەسەر بنەمای ئەو سكاڵایەی كە لەلایەن موسەننا سامەرائی پێشكەش كراوە.