راچڵەكین-
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عیراق بڕیاری كۆتایی لەبارەی دۆسێی مردنی دكتۆرە بان سەعد-ی دەركرد.
ئەمڕۆ دووشەممە 18ـی ئابی 2025، ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عیراق بڵاویكردەوە:" سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی بەسرە، بڕیاری كۆتایی لەبارەی دۆسێی مردنی دكتۆرە بان زیاد تارقی بۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ناردووە و تێیدا ڕایگەیاندووە، كوژرانی دكتۆرە بان، ڕووداوێكی خۆكوژیی بووە، هەر بۆیە دۆسێكە داخرا."
رووداوی گیانلەدەستدانی دكتۆرە بان كەبۆخۆی پسپۆڕی نەخۆشییە دەرونییەكان بووە، ناڕەزایەتی زۆری شەقامی عیراقی لێكەوتەوە، بەشێوەیەك بەشێك لە هاووڵاتییانی عێراق، گومان لە ڕاستی ڕووداوەكە دەكەن و پێیان وایە، دكتۆرە بان كوژراوە، نەوەك خۆی كوشتبێت.
رۆژی 4ی ئابی 2025 دكتۆرە بان زیاد كە نیشتەجێی بەسڕەبوو، بەكوژراوی دۆزرایەوە، هەر ئەو كات خێزانەكەی ئاماژەیان بەوەكرد، كچەكەیان بەهۆی تێكچوونی باری دەرونییەوە خۆی كوشتووە، بەڵام گومان لەسەر مردنەكەی دروستبوو، وە چەند سەرچاوەیەكیش ئاماژەیان بە تێوەگلانی براكەی دكتۆرە بان-یان لە رووداوەكە خستەڕوو.