ڕاچڵەکین سپۆرت -
پرسی فێرمین لۆپێز لەناو بەرشەلۆنە لە کۆتا کاتژمێرەکانی گواستنەوەی هاوینەدا گەرمتر دەبێتەوە، کە نیوەشەوی دووشەممەی داهاتوو دادەخرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە فشارەکانی چێڵسی زیاتر دەبێت، دوای ئەوەی تۆتنهام گرێبەستەکەی بۆ گواستنەوەی چاڤی سیمۆنس بە بڕی 60 ملیۆن یۆرۆ تەواو کرد.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ"ی ئیسپانی، پێشبینی دەکرا ڕۆژی هەینی یانەی چێڵسی ئۆفەرێکی بەهێزتر پێشکەش بکات، دوای ئەوەی ئۆفەرە سەرەتاییەکە بەهای 50 ملیۆن یۆرۆ بوو لەگەڵ پاداشتی زیادە، بەڵام سەرچاوەکان پشتڕاستیان کردەوە کە ئەو ئۆفەرە زەبەلاحە تاکوو ئێستا نەگەیشتووە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، بەرشەلۆنە بیر لە فرۆشتنی یاریزانەکەی ناکاتەوە، مەگەر ئۆفەرەکە نەگاتە 90 ملیۆن یۆرۆ، لە هەمان کاتدا چێڵسی بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ ڕازیکردنی یاریزانەکە بۆ مانەوە یان ڕۆشتن.
فێرمینی تەمەن 22 ساڵ، تا ساڵی 2029 گرێبەستی لەگەڵ بارسێلۆنا هەیە، مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بڕی 500 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام لە دوای دەرکەوتنی گرنگییەکی بەرچاو لەلایەن چێڵسیەوە بێدەنگ بووە.
ئەوانەی لە دەوروبەری فێرمینن، بێدەنگیان سەبارەت بە داهاتووی فێرمین پاراستووە، نە پشتڕاستی دەکەنەوە و نە ڕەتیانکردووەتەوە، ئەمەش گومانەکانی لەسەر بڕیاری کۆتایی زیادکردووە.
ھەڵبژاردنی یەکەمی ئەو یاریزانە ھەمیشە ئەوە بووە کە لەگەڵ بەرشەلۆنە بمێنێتەوە و یانەی بەرشەلۆنە دەیەوێت ئەو یاریزانە لە پێکهاتەکەیدا بمێنێتەوە.
هانسی فلیکی ڕاهێنەر هەفتەی ڕابردوو، پێش یارییەکەی لیڤانتی، پشتڕاستی کردەوە کە نایەوێت هیچ یاریزانێک بڕوات، بە ڕوونی ئاماژەی بە فێرمین و مارک کاسادۆ کردووە، هەڵوێستێک کە خۆی بە شێوەیەکی شەخسیی بەو یاریزانەی گەیاندووە.