كێشەی مووچەخۆرانی بانكی TBI لە سلێمانی چارەسەر دەكرێت

کوردستان

9 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 185

راچڵەكین -

پەرلەمانتارێكی یەكێتی بەدواداچوون بۆ كێشەی مووچەخۆران لە لقی سلێمانی بانكی بازرگانی عیراقی TBI دەكات و بەڕێوەبەری گشتی بانكەكەش رایدەگەیەنێت: ئەو قەرەباڵغییەی روویداوە دۆخێكی كاتییە و بەزووترین كات چارەسەر دەكرێت.

ئەمڕۆ یەكشەممە 7-9-2025، دوای دروستبوونی قەرەباڵغی لەبەردەم لقی بانكی TBI لە سلێمانی و گلەیی مووچەخۆران بەهۆی وەرنەگرتنی مووچەكانیان، د. نەرمین مەعروف، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: دوای ئاگاداركردنەوەمان لە لایەن ژمارەیەك مووچەخۆرانی شاری سلێمانی سەبارەت بە كێشەی وەرگرتنەوەی كارتی بانكی و نەبوونی پارە لە ئامێرەكانی ATM ی بانكی بازرگانی عێراقی TBI لە شاری سلێمانی، بۆ بەدواداچوونی ئەو بابەتە پەیوەندیمان كرد بە بیلال سەباح، بەڕێوەبەری گشتی بانكەكە لە بەغدا، دڵنیاییان پێداین كە ئەو قەرەباڵغییەی روویداوە دۆخێكی كاتییە و بەهۆی زۆری ژمارەی ئەو موچەخۆرانەوەیە كە داوای كردنەوەی ئەژماری بانكییان كردووە لە بانكی TBI.

بە وتەی نەرمین مەعروف، بەڕێوەبەری گشتی بانكی بازرگانی عیراقی، بەڵێنیدا بەزووترین كات بە هاوكاری فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سلێمانی، ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن