راچڵەكین -
سوپای رووسیا لە هێرشە فراوانەكەی بۆسەر ئۆكراینا لەسەرجەم بەرەكانی جەنگ، بەردەوامەو شارۆچكەیەكی دیكەش كۆنترۆڵ دەكات، وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەش ئاشكرایدەكات، لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا، نزیكەی هەزار و 400 سەربازی ئۆكراینی كوژران و 210 درۆنیش تێكشكێندران.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێكدا ئاماری شەڕو پێكدادانەكانی 24 كاتژمێری لەسەرجەم بەرەكانی جەنگ بەرامبەر ئۆكراینا بڵاوكردەوەو ئاماژەی بەوەكردووە، هێزەكانیان لە پێشڕەوییەكانیان بەردەوامن و توانییان شارۆچكەیەكی دیكە لە هەرێمی دنیبرۆپیترۆفسك كۆنترۆڵ بكەن.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، سوپای ئۆكراینا و گروپە چەكدارە بیانییە بەكرێگیراوەكان زیانێكی زۆریان بەركەوتووەو لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا، ژمارەی كوژراوەكانیان لە بەرەكانی جەنگ گەیشتووەتە هەزار و 397 چەكدار، جگە لە تێكشكاندنی 210 درۆن و دەیان تانك و زرێپۆش و لەناوبردنی دوو كۆمەڵگەی پیشەسازیی سەربازی.
پێشڕەوییەكانی سوپای رووسیا هاوكاتە لەگەڵ هێرشێكی بەرفراوانی ئاسمانی كە لەڕێگەی درۆن و مووشەكی بالیستییەوە كرایە سەر كیێڤ-ی پایتەحتی ئۆكراینا و بەهۆیەوە چەندین كوژراو و برینداری لێكەوتەوە.