راچڵەكین -
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عیراق، بڕیاریدا ساڵی خوێندنی 2024-2025 بۆ ئەو خوێندكارانە بە نەكەوتوو ئەژمار بكات كە بەهۆی دەرنەچوونیانەوە تەرقین قەید دەكرێن، بڕیارەكەش خوێندكارانی قۆناغی كۆتایی و ئەو خوێندكارانە ناگرێتەوە كە بەهۆی قۆپی كردنەوە تەرقین قەید دەكرێن.
بەگوێرەی نوسراوێك كە ئەمڕۆ یەكشەممە 7-9-2025 بەواژۆی نەعیم عەبودی، وەزیری خوێندنی باڵای عیراق، ئاڕاستەی سەرجەم زانكۆ حكومی و ئەهلییەكان كراوە، تێیدا هاتووە، لەپێناو پەرۆشی بۆ ئایندەی خوێندكاران و بۆ چارەسەركردنی هەندێ حاڵەتی تایبەت بەو خوێندكارانەی كە نەیانتوانیوە ساڵی خوێندنی 2024 - 2025 بە سەركەوتوویی تێپەڕێنن، بڕیاردرا ئەمساڵەی خوێندن بە نەكەوتوو بۆ ئەو خوێندكارانە ئەژمار بكرێت، كە لە خوێندنی بەیانیان و ئێواران تەرقین قەید دەكرێن.
لە نوسراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، بڕیارەكە خوێندكارانی قۆناغی كۆتایی و ئەو خوێندكارانەش ناگرێتەوە كە بەهۆی گزی كردن، یان ساختەكاری و سزادانی دیسپلینییەوە تەرقین دەكرێن.