وێنە.. ئەرشیف
راچڵەكین -
سوپای ئیسرائیل جارێكی دیكە هێزی رەوانەی باشووری سووریا كرد و دوای گەمارۆدانی چەند گوندێك، هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنینی ئەنجام دا.
روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-9-2025، هێزێكی سوپای ئیسرائیل هەڵیكوتایە سەر چەند گوندێكی سنووری پاریزگای قونەیتەڕە لە باشووری سووریا و خاڵی پشكنینی لەسەر رێگای گوندەكان دانا.
هێزەكەی ئیسرائیل كە لەلایەن چەند هێلیكۆپتەرێكی سەربازییەوە پارێزگاریی لێدەكرا، دوای ئەوەی گەماریان خستە سەر چەند گوندێكی پارێزگای قونەیتەڕە، هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنینیان ئەنجامدا.
روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاماژی بەوەشكردووە، هاوكات لەگەڵ جموجۆڵە سەربازییەكەی ئیسرائیل لە باشووری قونەیتەڕە، هێزێكی دیكەی ئەو وڵاتە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە چوونەتە ناو گوندێكی ناوچەی یەرموك لە گوندەوارەكانی پارێزگای دەرعا و دوو هاووڵاتیی دانیشتووی گوندەكەیان دەستگیركردووە و تائێستاش هۆكارەكەی ئاشكرا نەكراوە.
لەماوەكانی رابردوودا، هێزەكانی ئیسرائیل چەندین جار هەڵمەتی سەربازییان لە گوندەكانی باشووری سووریا ئەنجامداوە، تائیستاش حكومەتی سووریا هیچ هەڵوێستێكی لەبارەی جموجۆڵەكانی ئیسرائیل دەرنەبڕیوە.