راچڵەكین -
هێزەكانی بەڕێوبەرایەتی دژەتیرۆر لە ئۆپەراسیۆنێكدا لە ناحیەی زاب-ی سنووری قەزای حەویجە، تیرۆریستێكی داعش دەستگیر دەكەن، كە بەشدار بووە لە هێرشكردنە سەر پۆلیس و سوپای عیراق و هاوڵاتییانی مەدەنی.
بەگویرەی راگەیەندراوێكی دژەتیرۆر، پاڵپشت بە بەدواداچوون و زانیاریی هەواڵگری ورد، بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانان و دەزگای دژەتیرۆری عیراق، ئۆپەراسیۆنێكیان لە سنوری ناوچەی زاب لە قەزای حەویجەی سەر بە پارێزگای كەركوك ئەنجامدا.
لە ئۆپەراسیۆنەكە توانرا تیرۆریستێك بەناوی (م، ا، م) لەدایكبووی 1988 دەستگیربكرێت، كە كاری لۆجستی و سەربازی و پزیشكی لەناو رێكخراوی تیرۆریستی داعش كردووە و پەیوەندی لەگەڵ چەندین تاقم و باندی ئەو ڕێكخراوە لە سنوری چیای قەرەچوغ، سەرگەڕان (دبس)، زاب، حەویجە و زنجیرەچیای حەمرین هەبووە.
وەك لە راگەیەندراوەكەی دژەتیرۆردا هاتووە، تیرۆریستە دەستگیركراوەكە، بەشدار بووە لە هێرشكردنە سەر پۆلیس و سوپای عیراق و هاوڵاتییانی مەدەنی لەم ناوچانە، مین و بۆمبی چێندراویان لەسەر ڕێگا گشتییەكان چاندووە، لە ئێستاشدا وەكوو شانەی نووستوو لە سنووری زاب كاری كردووە و چەندین كردەوەی تیرۆریستی ئەنجامداوە.
دژەتیرۆر ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو تیرۆریستەی داعش كە چەندین ئەندامی خێزان و كەسوكاری بە ماددەی چواری تیرۆر دەستگیر كراون، پاش لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا، دەستبەجێ رادەستی یاسا كرا بەمەبەستی گرتنەبەری ڕێكاری پێویست و یاسایی بۆ سزادانی.