راچڵەكین -
لەشاری بەغدا مامۆستایەكی ئایینی بەهۆی هێرشكردنەسەری لەلایەن كەسێكەوە، گیانی لەدەستدا، دیوانی وەقفی سوننیش رایدەگەیەنێت، تاوانبارن دەستگیركراون.
ئەمڕۆ هەینی 12-9-2025، مامۆستایەكی ئایینی بەناوی شێخ عەبدولستار قەرەغولی، كە پَشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی كەریم ناسڕە لە ناوچەی دۆرەی باشووری بەغدا، لەناو مزگەوتەكە لەلایەن چەند كەسێكەوە هێرشی كرایەسەر و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.
دیوانی وەقفی سوننی لە راگەیەندراوێكدا، رووداوەكەی بە كردەوەیەكی تاوانكاری وەسفكرد و رایگەیاند: تاوانبارن لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراون و رادەستی یاسا دەكرێن بەمەبەستی وەرگرتنی سزای تاوانەكەیان.
سەرچاوەیەكی ئەمنیی بەغدا لەبارەی رووداوەكە رایگەیاندووە، ئەو مامۆستا ئاینییە نەكوژراوە، بەڵكو بەهۆی هێرشكردنە سەری، تووشی جەڵتەی دڵ بووە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
سەرچاوە ئەمنییەكە ئاشكرایكردووە، رووداوەكە بەهۆی ناكۆكیی بووە لەسەر پێشنوێژیكردن لەو مزگەوتە، پێشتر مامۆستایەكی ئاینیی وتارخوێن و پێشنوێژی مزگەوتەكە بووە، بەڵام لەلایەن ئەوقافی بەغداوە دوورخراوەتەوە، نوێژخوێنانی مزگەتەكەش قبوڵیان نەكردووە شێخ عەبدولستار قەرەغولی لەشوێنی وتارخوێن و پێشنوێژە دوورخراوەكە دەستبەكاربێت، هەربۆیە ئەمڕۆ هێرشیان كردووتە سەری لێیان داوە.
تائێستاش پۆلیسی بەغدا بەفەرمی هیچ روونكردنەوەیەكی لەبارەی رووداوەكە بڵاونەكردووەتەوە.