ئیسرائیل لەسەر بڕیاری دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین دێتەدەنگ

جیهان

1 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 318

راچڵەكین -

پەسەندكردنی بڕیاری دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین لەلایەن كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە، كاردانەوەی ئیسرائیلی لێدەكەوێتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە رایدەگەیەنێت، بڕیارەكە رەتدەكەینەوەو نەتەوەیەكگرتووەكانیش رۆڵی سێركی سیاسی دەبینێت، كە لە واقیعەوە دابڕاوە.

لەدوای پەسەندكردنی جاڕنامەی نیویۆرك لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین و چارەسەری دوو دەوڵەتیی لەگەڵ ئیسرائیل، كە بەزۆرینەی دەنگ پەسەندكرا، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە، تەلئەڤیڤ بەتوندی ناوەڕۆكی بڕیارەكە رەتدەكاتەوەو هەرگیز بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین رازی نابێت.

وەزارەتەكە هێرشێكی توندی كردە سەر كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و بەوە تۆمەتباری كرد كە رۆڵی سێركی سیاسی دەبینێت و لە واقیعەوە دابڕاوە، ئاماژەی بەوەشكردووە لە جاڕنامەكەدا بەهیچ شێوەیەك باس لەو راستییە نەكراوە كە بزوتنەوەی حەماس رێكخراوێكی تیرۆریستییە و بەرپرسیارییەتی بەردەوامبوونی شەڕ لە كەرتی غەززە دەگرێتە ئەستۆ بەهۆی رەتكردنەوەی چەكدانان و ئازادكردنی بارمتەكان.

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل جەخی لەوەكردووەتەوە كە بڕیارەكەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، نەك هەر ئاشتی نزیكناكاتەوە، بەڵكو دەبێتە هاندەرێك بۆ تیرۆریستانی حەماس بەردەوامیی بە شەڕ بدەن.

 

ئەمڕۆ هەینی 12-9-2025، لە كۆبوونەوەی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، جاڕنامەی نیویۆرك سەبارەت بە چارەسەری دوو دەوڵەتیی لەنێوان ئیسرائیل و فەلەستین و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین، خرایە دەنگدانەوەو بە زۆرینەی 142 دەنگی وڵاتانی ئەندام، پەسەندكرا.

جاڕنامەكە لەلایەن 10 دەوڵەتەوە، لەوانەش هەریەك لە ئەمریكا و ئیسرائیل بە نەخێر دەنگی بۆ درا و 12 دەوڵەتی ئەندامی رێكخراوەكەش خۆیان لە دەنگدان بەدوور گرت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن