سوپای رووسیا دوو ناوچەی گرنگی رۆژهەڵاتی ئۆكراینا كۆنترۆڵ دەكات

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 236

راچڵەكین -

سوپای رووسیا پێشڕەوییەكانی لەسەرجەم بەرەكانی جەنگ دژ بە هێزەكانی ئۆكراینا، خێراتر دەكات و وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەش ئاشكرایدەكات، لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا، دوو ناوچەی دیكە كۆنترۆڵكراون و زیاتر لە هەزار و 370 سەربازی ئۆكراینی كوژران.

وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێكدا ئاماری شەڕو پێكدادانەكانی 24 كاتژمێری لەسەرجەم بەرەكانی جەنگ بەرامبەر ئۆكراینا بڵاوكردەوەو ئاماژەی بەوەكردووە، پێشڕەویی هێزەكانیان بەرەو قووڵایی خاكی ئۆكراینا بەردەوامە و دوو شارۆچكەی دیكەیان لە هەرێمی دنیبرۆپیترۆفسك كۆنترۆڵ كرد.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، سوپای ئۆكراینا و گروپە چەكدارە بیانییە بەكرێگیراوەكان زیانێكی زۆریان بەركەوتووەو لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا، ژمارەی كوژراوەكانیان لە بەرەكانی جەنگ گەیشتووەتە هەزار و 372 چەكدار، جگە لە تێكشكاندنی  340 درۆن و دەیان تانك و زرێپۆش و ژمارەیەك مووشەكی هایماریس-ی ئەمریكی.

فراوانبوونی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای رووسیا و كۆنترۆڵكردنی ناوچەی زیاتری خاكی ئۆكراینا، كە لەماوەی مانگی رابردوودا زیاتر لە 10 شارۆچكەی كۆنترۆڵكردووە، لەكاتێكدایە هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ راگرتنی شەڕ و رێككەوتنی ئاشتی لەنێوان رووسیا و ئۆكراینا شكستی هێناوەو لە نوێترین لێدوانیشدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند: ئارامیم بەرامبەر مۆسكۆ خەریكە كۆتایی دێت و ئەگەری هەیە سزای زیاتر بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێنم.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن