راچڵەكین-
ئەندامێكی كوردی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت، سەرەڕای تەواوی هەوڵە یاساییەكان، بەڵام كێشەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان وەك خۆی ماوەتەوە، چونكە "ویست و ئیرادەی راستەقینە بۆ چارەسەركردنی گرفتەكە لەلایەن هەرێم و ناوەندەوە نییە."
ئەمڕۆ سێشەممە 16ی ئەیلولی 2025 كاروان یاروەیس رایگەیاند:" "لە ڕووی یاساییەوە هەموو هەوڵێكمانداوە بۆ چارەسەری كێشەی موچە،" بەڵام بەداخەوە "هەرێم و بەغدا وەك پێویست پابەندی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی نەبوون" و گرفتەكە "نە بە یاسای بودجە و نە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی چارەسەر نەكرا." وەك كوردسات نیوز بڵاویكردووەتەوە.
سەبارەت بە ڕۆڵی ئەنجومەنی دەوڵەت (شورا)، یاروەیس رونیكردەوە "ئەنجومەنی دەوڵەت دەسەڵاتی چارەسەركردنی كێشەی موچەی نییە،" چونكە "كاری تەنها راوێژكارییە نەك دەركردنی بڕیار."
كاروان یاروەیس، هۆشداریدا لە دۆخی موچەخۆران لە ساڵی داهاتودا و وتی: "ساڵی داهاتوو بۆ موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان سەخت دەبێت، چوار موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەكەوێتە ساڵی داهاتوو، ئەوەش لەكاتێكاد دێت موچەی مانگی 12ی ساڵی رابردوو لەنێوان هەرێم و بەغدادا دیار نەما."