راچڵەكین -
پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین دەستگیركردنی ئەو دوو تۆمەتبارەی راگەیاند، كە بە بەهای 25 هەزار دۆلار كەلوپەلیان لە كارگەیەك دزیبوو.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، دوای ئەوەی هاووڵاتییەك لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر، سكاڵای تۆماركرد كە بەوتەی خۆی دزی لە كارگەكەی كراوە، كە تایبەتە بە تێكەڵەكردن و ئامادەكردنی قیڕ، زیانەكانیشی بە 25 هەزار دۆلار دەخەمڵێندرێت، دوای لێكۆڵینەوەو دوای بەدواداچوون و بەدەستهێنانی زانیاری، هێزەكانیان دوو تۆمەتباریان دەستگیركرد.
هەردوو تۆمەتبارەكە لەكاتی لێكۆڵینەوەدا، دانیان ناوە بە تاوانەكەیاندا و بە وتەی خۆیان، ژمارەیەك بزوێنەر و كەلوپەلی تری كارگەكەیان دزیوە.
پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بەوەكردووە، تۆمەتباران بەبڕیاری دادوەر و بە پێی ماددەی 443 لە یاسای سزادانی عیراقی، راگیركران و بە هاوكاری بنكەی پۆلیسی حاجیاوا، ژمارەیەك لە كەلوپەلە دزراوەكان دەستیان بەسەردا گیراوە و لێكۆڵینەوەش لەسەر رووداوەكە بەردەوامە.