راچڵەكین-
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوت و داهاتە نانەوتییەكان و دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2025-2026 دەكات.
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی ئەیلولی 2025 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران كۆبێتەوە.
بەگوێرەی كارنامەی كۆبوونەوەكە بێت، لەبڕگەی یەكەمدا دواپێشهاتی دۆسیەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم و بابەتی داهاتە نانەوتییەكان و مووچە و شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێم گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت.
وەك فەرمانگەی میدیاو زانیاری بڵاویكردووەتەوە،لە بڕگەیەكی دیكەدا، پرۆسەی یەكخستنەوەی ڕێكارە داراییەكان لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی، لەبەر ڕۆشنایی كۆنووسی كۆبوونەوەی نوێنەرانی هەردوولا لە ڕێكەوتی 9ی 7ی 2025، لەبارەی ڕێكار و ڕێنماییەكانی باج و ڕێژەكانیان گفتوگۆ دەكات.
لە بڕگەی كۆتاییدا، پڕۆسەی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی كوردستان، بۆ ساڵی 2025-2026 دەخرێتە ڕوو.