ئەنجوومەنی دەوڵەت پرسی داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان یەكلادەكاتەوە

کوردستان

11 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 206

راچڵەكین-

ئەنجوومەنی دەوڵەت كۆدەبێتەوەو پرسی داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان ئەو رێژەیەی پێویستە رادەستی بەغدا بكرێت یەكلا دەكاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی ئەیلولی 2025 ئەنجوومەنی دەوڵەت لەكۆبوونەوەیەكی تایبەتدا، پرسی داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان یەكلا دەكاتەوە، چاوەڕێش دەكرێت دوای كۆبوونەوەكە بۆچوونی یاسایی خۆی رادەستی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق بكات بۆ بڕیاردان لەسەری. 

رۆژی 9ی ئەیلول، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیدا، بڕیاری دا دۆسیەی نانەوتیی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت بنێرێت بەهۆی هەبوونی رای جیاواز لەنێوان هەولێرو بەغداد لەبارەی رێژەی ئەو داهاتە نانەوتیانەی كە پێویستە لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە رادەستی عیراق بكرێت.

ئەنجوومەنی دەوڵەت كە پێشتر ناوی "ئەنجوومەنی شورای دەوڵەت" بووە، لەساڵی 1929 دامەزراوە، لەساڵی 1933 یاساكەی لە رۆژنامەی وەقائیعی عیراقی بڵاوكراوەتەوە. لەو كاتەوە بۆچوون و بڕیاری خۆی لەبارەی بابەتە كارگێڕییەكان لە عێراق دەدات.
 
پێشتر بەشێك بوو لە وەزارەتی دادی عیراق، بەڵام دوای هەمواركردنەوەی یاساكەی وەكو دەستەیەكی سەربەخۆ ناسێندرا كە ئەركی دادگای كارگێڕی و فەتوا و داڕشتنە یاساییەكان دەبێت، ئەنجوومەنەكە بە مەرجەعی بڕیار و دادگا كارگێڕییەكان لە عیراق هەژمار دەكرێت.

 
 
 
 
 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن