راچڵەكین-
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا چوار گروپی چەكداری عیراقی خستە لیستی تیرۆرەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی ئەیلولی 2025 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هەریەك لە (بزووتنەوەی نوجەبا، كەتیبەكانی سەید شوهەدا، بزووتنەوەی ئەنساروالله و كەتیبەكانی ئیمام عەلی) خراونەت لیستی رێكخراوە تیرۆرستییە بیانییەكان.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە:" ئێران بەردەوامە لەپێشكەشكردنی پشتیوانی بۆ ئەو گروپانە كە توانای ئەوەیان پێدەبەخشێت پلانی هێرش لەسەرانسەری عیراق دابڕێژن یاخود ئەنجامی بدەن."
ئەوەش روونكراوەتەوە:" گروپە چەكدارەكانی سەر بەئێران لەماوەكانی رابردوودا هێرشیانكردووەتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغداد لەگەڵ ئەو بنكانەی هێزەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەخۆ دەگرن، هێرشەكانیش لەژێر ناوی خوازراودا ئەنجامدەدەن تا پەنجەی تۆمەتیان بۆ درێژ نەكرێـت."