راچڵەكین -
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم نەوتی بەرهەمهاتوو رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ دەكات راشیدەگەیەنێت: پێویستە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، دەستبەجێ مووچەی مانگی تەممووز و ئابی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بكات و بۆ لەمەودواش، هاوشێوەی بەشەكانی دیكەی عێراق، مووچەخۆرانی هەرێم، وەك هاوتاكانیان لە حكومەتی فیدڕاڵ، تەواوی مووچەكانیان لەكاتی خۆی وەربگرن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی ئەیلوولی 2025، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێك كە وێنەیەكی دەست راچڵەكین كەوتووە، لە بڕگەی یەكەم، دواپێشهاتەكانی دۆسیەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم و بابەتی داهاتە نانەوتییەكان و مووچە و شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێم و تاوتوێكردنی میكانیزم و ڕێكارەكانی جێبەجێكردنی پابەندیی حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەگوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوولا و لەیەكترگەیشتنی هاوبەشی پەسەند كرا لەلایەن هەردوو لاوە.
سەرۆكوەزیران دووپاتیكردەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو ئەرك و پابەندییە دەستوورییەكانی بە زیادەوە جێبەجێ كردووە و هەموو نەرمییەكی نواندووە بۆ نەهێشتنی هەموو ئەو كێشە و ئاستەنگ و بەربەستە تەكنیكیانەی كراونەتە بیانوو بۆ نەناردنی مووچە، بۆیە نابێت چیتر ئەم بابەتانە، ببنە ڕێگر لەبەردەم خەرجكردنی مووچەی مووچۆخۆرانی هەرێمی كوردستان كە مافێكی یاسایی و ڕەوای خۆیانە مووچەكانیان لە لایەن حكومەتی فیدراڵەوە بنێردرێت.
دواتر ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، لە دووتوێی ڕاپۆرتێكدا، وردەكاریی دواپێشنیاری هاوبەشی هەردوو حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی خستەڕوو سەبارەت بە پەلەكردن لە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، كە لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەسەند كرا، ئەمەش دوای ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوو، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە، پەسەند كرا و ڕەوانەی بەغدا كرا.
بەپێی ئەم لەیەكگەیشتنە نوێیە، سەرەڕای پشتگیریی لە جێبەجێكردنی بڕیاری پێشووتری ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوولا، كە تەواوی نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێم ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات (جگە لە بڕی بەكارهێنانی ناوخۆ)، ئەم قۆناغەش لەسەر واژۆكردنی ڕێككەوتننامەی سێ قۆڵی بۆ هەناردەی نەوت وەستاوە، بەڵام دانوستانەكان بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیەوە بینیوە و وا چاوەڕوان دەكرێت، لە كۆتایی ئەم حەفتەیە، ئەو ڕێككەوتننامەیە گەڵاڵە بكرێت.
تا كاتی واژۆكردنی ڕێككەوتننامەی سێقۆڵییش، هەرێمی كوردستان بەشەنەوتی خۆی ڕادەستی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ دەكات، بۆ ئەم مەبەستە، ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری سامانە سروشتییەكان و شاندی دانوستانكاری ڕاسپارد، ڕێكاری پێویست بگرنە بەر و پێویستە حكومەتی فیدڕاڵیش لە بەرامبەردا، پابەندیی خۆی لە ناردنی مووچە دەستبەجێ جێبەجێ بكات.
سەبارەت بە دۆسیەی داهاتی نانەوتی و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ ئەنجومەنی دەوڵەت، ئەنجومەنی وەزیران جەختی كردەوە لەسەر تێڕوانینی دەستووری و یاسایی خۆی لەسەر پۆلێنكردنی داهاتە نانەوتییەكان و دەستنیشانكردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی كە پشت بە ماددەكانی (12/دووەم-د) و (21/دووەم) لە یاسای بوودجەی فیدڕاڵی و ماددەی 29 لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵی و بڕگەی سێیەمی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیی ژمارە 224 لە 2024/2/21 دەبەستێت، كە ئەمانە هەمووی یاسا و بڕیاری فیدڕاڵیین و بە دەقی ڕوون و ئاشكرا، پۆلێنی داهاتە ناوخۆییەكانی كردووە و بەشی هەر یەك لە گەنجینەی فیدڕاڵی و هەرێمێیشی دەستنیشان كردووە وەك لە دوا یادداشتی حكومەتی هەرێمدا هاتووە و بە فەرمی پێشكەش بە حكومەتی فیدڕاڵ كراوە.
دواتر هەریەك لە ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و كەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت و ئەندامانی دیكەی شاندی دانوستانكار، وردەكاریی زیاتری گفتوگۆكانی ئەم دواییە و لایەنە تەكنیكی و یاساییەكانیان خستەڕوو.
دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای پێشوازیكردن لە بڕیاری هاوبەشی هەردوولا، جەختی كردەوە كە ئیتر لە بەرامبەر ئەم بەرەوپێشچوونانە، پێویستە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، دەستبەجێ مووچەی مانگی تەممووز و ئابی ساڵی 2025 ی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بكات و بۆ لەمەودواش، هاوشێوەی بەشەكانی دیكەی عێراق، مووچەخۆرانی هەرێم، وەك هاوتاكانیان لە حكومەتی فیدڕاڵ، تەواوی مووچەكانیان لە كاتی خۆی وەربگرن.
لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوە، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر بابەتی هاوئاهەنگیی تایبەت بە ڕێكارە داراییەكان لە ناویشیاندا بابەتی باجەكان لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ كرد، ئەویش بە ڕەچاوكردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییە دەستووریەكانی هەرێم وەك لە دەستووری هەمیشەیی عێراق جێگیر كراوە، لەمبارەیەوە كەمال وەرتی بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان و خانووبەرەی میریی هەرێمی كوردستان كە بۆ ئەم بڕگەیە میوانداریی كۆبوونەوەكە كرابوو، چەند پێشنیار و ڕاسپاردەیەكی هاوبەشی تایبەت بە ڕێكار و ڕێنماییەكانی باج و ڕێژەكانیان خستەڕوو كە پێشتر لەگەڵ دەستەی گشتی باجەكانی عێراق گفتوگۆیان لەسەر كردووە.
ئەنجومەنی وەزیران هاوئاهەنگیی و هاریكاریی فەرمانگە و دامەزراوەكانی باجی لە حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێم بە گرنگ زانی و پشتیوانی لێ دەكات.
لە هەمان كاتدا، ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی فیدڕاڵیی، مافی پیادەكردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییە داراییە دەستووریەكانی خۆی هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی وئابووری و بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەكانی هەرێمی كوردستانی ڕاسپارد كە بەم ئاراستەیە و لە چوارچێوەی دەستوور، پەرە بە هاوئاهەنگیی و هاریكاریی و پەیوەندیەكانیان لەگەڵ هاوتاكانیان لە حكومەتی فیدڕاڵ بدەن.
پاشان ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە، ڕاپۆرتێكی تایبەتی سەبارەت بە ئامادەكارییەكانی وەزارەتەكەی بۆ دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2025 لە هەرێمی كوردستان خستەڕوو.
لەمبارەیەوە وەزیری پەروەردە، ئاماژەی بە ئامادەكارییەكانی تایبەت بە چاپكردنی كتێب و دابینكردنی پێداویستییەكانی خوێندن و قوتابخانەكان و گۆڕانكاری لە پرۆگرامەكان خوێندن كرد، و چەند پێشنیارێكیشی خستە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ سەرخستنی پلانی وەزارەت لەم بارەیەوە.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشیی لە وەزیری پەروەردە و سەرجەم مامۆستا و فەرمانبەر و كارمەندانی وەزارەتەكەی بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی كوردستان، كە سەرەڕای نالەباری بارودۆخی دارایی و ئابووری ئەم چەند ساڵە، بە تایبەتیش كێشەی دواكەوتنی خەرجكردنی مووچەی مووچەخۆران و مامۆستایان و كارمەندانی پەروەردە، بەڵام وەزارەتی پەروەردە بە هەموو پێكهاتە و هێزی مرۆیی وەزارەتەكە، بە پشتیوانی حكومەت و ڕێكخراوە نیودەوڵەتی و ناوخۆییەكان و پشتیوانی كەرتی تایبەت، بەرەوپێشچوونی باشی لە ڕووی ڕاهێنانی مامۆستایان وبە دیجیتاڵكردنی خزمەتگوزاریی فێركردن و چاپكردنی كتێبی نوێ وكردنەوەی قوتابخانەی نوێ و نۆژەنكردنەوەیان و زیادكردنی ژوورەكانی پۆلی خوێندن و ڕێكخستنەوەی میلاكات ئەنجام داوە.
لە كۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران ، لە ساڵیادی كۆمەڵكوژیی گوندی سۆریا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە ڕێز و شكۆوە ، یادی شەهیدانی ئەو كارەساتەی كردەوە كە ساڵی 1969 ، لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق، خەڵكی گوندەكە لە كریستیان ( كلدان) و موسڵمان، كومەڵكوژ كران. داواش لە حكومەتی فیدراڵ كرا كە قوربانییانی ئەم تاوانە و هەموو قوربانیانی دیكەی دەستی ڕژێمی عێراق، قەرەبوو بكاتەوە.