راچڵەكین -
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هۆشداریی بە نەخۆشخانە و سەنتەرەكانی كەرتی تایبەت دەدات لە زیاكردنی نرخی نەشتەرگەری و داوایان لێدەكات لەژێر هیچ پاساوێكدا پارەی زیادە لە نەخۆش وەرنەگیرێت.
لە نوسراوێكدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە 17-9-2025 بە واژۆی د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم ئاڕاستەی نەخۆشخانە و سەنتەرەكانی كەرتی كراوە، تێیدا هاتووە، دەربارەی ئەو نەخۆشانەی كە پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەری پشكنینی ڤایرۆساتی (HIV) و (Hepatitis B)یان بۆ دەكرێت و ئەنجامەكەی پۆزەتیڤ دەردەچێت، پێویستە نەشتەرگەرییەكە بە هەمان نرخ بۆ نەخۆش ئەنجام بدرێت و نابێت نرخی نەشتەرگەرییەكە زیاد بكرێت یان دوو هێندە بكرێت.
وەزارەتی تەندروستی هۆشداریشی بە نەخۆشخانە و سەنتەرەكانی كەرتی تایبەت داوە كە نابێت نەشتەرگەرییەكە دوابخرێت یاخود ئۆف بكرێت، هەروها لەژێر هیچ پاساوێكیشدا پارەی زیادە لە نەخۆش وەرنەگیرێت.