راچڵەكین -
دەستەی دەستپاكیی عیراق دەستگیركردنی بەرپرسێكی پەروەردەی پارێزگای سەڵاحەدین رادەگەیەنێت، كە تۆمەتبارە بە دزینی هەزاران كتێبی پڕۆگرامەكانی خوێندن و فرۆشتنەوەی لە بازاڕدا.
دەستەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی زانیارییان پێگەیشت كە بڕێكی زۆر كتێبی پڕۆگرامەكانی خوێندن لە پەروەردەی سەڵاحەدین دیارنەماوە، تیمەكانیان لەو پارێزگایە بەدواداچوونیان كرد و دەركەوت بەڕێوەبەری بەشێكی پەروەردەی پارێزگای سەڵاحەدین لەپشت دزینی كتێبەكانە و دوای رێككەوتنی لەگەڵ كەسێك بۆ ساغكردنەوەی كتێبەكان، لەكاتی وەرگرتنی پارەدا تۆمەتبارەكە دەستگیركرا.
دەستەی دەستپاكیی عیراق ئاشكرایكردووە، تۆمەتبارەكە نزیكەی دوو هەزار و 860 كتێبی پڕۆگرامەكانی خوێندنی دزیوە و لە رێگەی كەسێكەوە لە بازاڕدا ساغیكردووەتەوە، دوای دەستگیركردنی لەئێستادا بەپێی فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی پارێزگای سەڵاحەدین، راگیراوەو لەئەگەری سەلماندنی تۆمەتەكە، لەلایەن دادگاوە فەرمانی زیندانیكردنی بۆ دەردەكرێت، كە لە حەوت ساڵ كەمترە.