راچڵەكین -
وەزیرێكی حكومەتی ئیسرائیل هەڕەشە لە یەكێتی ئەوروپا دەكات لە ئەگەری سەپاندنی هەر سزایەك بەسەر وڵاتەكەیدا، راشیدەگەیەنێت: هەر رێكارێك لەدژمان بگیرێتەبەر وەڵامی پێویستمان دەبێت.
جەدعۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لە پەیامێكدا كە لە تۆڕی (X) بڵاویكردووەتەوە، نووسیویەتی: راسپاردەكانی ئۆرسولا فۆن دێر لاین، سەرۆكی كۆمسیۆنی یەكێتی ئەوروپا بۆ دانانی كۆتوبەندی بازرگانی بەرامبەر ئیسرائیل، شێواندنێكی ئەخلاقی و سیاسییە، هەر هەنگاوێكی لەو جۆرەش، زیان بە بەرژەوەندییەكانی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا دەگەیەنێت.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل وەك هەڕەشەیەك راشیگەیاندووە، ئەگەر یەكێتی ئەوروپا هەر رێوشوێنێكی دوژمنكارانە لەدژی وڵاتەكەمان بگرێتەبەر، وەڵامی پێویستی دەدەینەوە، كە هیوادارین ناچار نەبین وەڵام بدەینەوە.
ئەم هەڕەشەیەی جەدعۆن ساعر لەدوای دەركردنی چەند راسپاردەیەك دێت لەلایەن كۆمسیۆنی یەكێتی ئەوروپا بۆ سەپاندنی چەند سزایەكی دیاریكراو دژ بە ئیسرائیل بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی بۆ كۆنترۆڵكردنی كەرتی غەززە، كە بەوتەی هەندێ لە بەرپرسانی یەكێتی ئەوروپا، ئەم كردەوە سەربازییانە دەچێتە چوارچێوەی سەرپێچیكردن لە رێككەوتنەكانی نێوان یەكێتی ئەوروپا ئیسرائیل، كە هەردوولا پابەندكراون بە رێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ.
راسپاردەكانی كۆمسیۆنی یەكێتی ئەوروپا بریتییە لە سنوورداركردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل و سەپاندنی سزا بەسەر وەزیرە توندڕەوەكانی حكومەتی ئیسرائیل، لەوانەش وەزیرانی دارایی و ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ناوخۆی یەكێتی ئەوروپا، بۆ پەسەندكردنی راسپاردەكان، پێویستە لەكۆی 27 وڵاتی ئەندامی یەكێتییەكە، لانی كەم 15 وڵات رەزامەندی لەسەر بدات، پێشتریش چەندین راسپاردە لەدژی ئیسرائیل پێشكەشی یەكێتی ئەوروپا كراوە، بەڵام بەهۆی بەدەستنەهێنانی دەنگی پێویست، كار بە راسپاردەكان نەكراوە.