راچڵەكین-
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جیاوازیی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران خەرج دەكات كە لەگەڵ مووچەی مانگی 12ی 2024 خەرج نەكراوە.
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە رۆژی 9ی9ی2025، ئاراستەی تەواوی وەزارەتەكان كراوە و وێنەیەكی دەست (باسنیوز) كەوتووە، لە ناوەڕۆكەكەیدا هاتووە: ''سەبارەت بە جیاوازیی ئەو مووچە و دەرماڵانەی ساڵی 2024 كە لەگەڵ مووچەی مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی 2024 بەستراوە و بە سپاردە (ئەمانات) تۆمار كراوە، لەبەر ئەوەی ئەو مووچەیە خەرج نەكراوە، ئەو جیاوازیی مووچە و دەرماڵانە بۆیان خەرج بكرێتەوە، بەدەر لە لیستی مووچە، لەسەر بودجەی ساڵی 2025."
بەرپرسی گەنجینەیەكی وەزارەتی دارایی بەمیدیای نزیك لەپارتی راگەیاندووە:" روونكردنەوەمان بۆ فەرمانگەكان ناردووە بۆ چۆنیەتیی خەرجكردنی ئەو جیاوازیی مووچانەی كە خراونەتە نێو مووچەی مانگی 12 و مووچەی ئەو مانگەش خەرج نەكرا، خەرجكردنی پارەی جیاوازیی مووچە و دەرماڵە لەسەر تۆماری (ئەمانات) دەكرێت".
وتیشی: "ئەو حساباتەی مانگی 12 لەنێوان گەنجینە و لقەكانی ماوە، ئەو جیاوازیی مووچەیە دەكرێتە پاكتاو لە (حیساباتی جاری) دەگواسترێتەوە بۆ (امانات متنوعە)".
ئەوەشی روونكردەوە: "هەر فەرمانبەرێك لە هەر فەرمانگەیەك ئەو جیاوازیی مووچە و دەرماڵانەی هەیەتی و كەوتووەتە نێو مانگی 12، ئەوە فەرمانی كارگێڕی بۆ دەردەكرێت و بڕی پارەكە و وردەكارییەكەی دەخرێتە روو و دەبردرێتە گەنجینە و پارەكە خەرج دەكرێت".
جیاوازیی مووچە (فروقات)، بەهۆی نەبەستنی سەرمووچە، یان دەرماڵە، یان هەڵەی ژمێریاری دروست دەبێت و ئەو جیاوازییانە دواتر بە خشتەیەك دەبەسترێن و خەرج دەكرێنەوە.
بەرپرسەكەی دارایی ئەوەشی راگەیاند، خەرجكردنی ئەو پارەیە پەیوەندیی بە لیستی مووچەوە نییە و هەر فەرمانگەیەك كارەكانی خۆی تەواو بكات بۆی خەرج دەكرێت.
ئەو بڕیارە هەموو ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە، كە بە هەر هۆكارێك جیاوازیی مووچەیان هەیە و بۆیان خەرج نەكراوە، لەنێوان مانگی یەكی 2024 بۆ مانگی 11ی 2024، ئەوە بۆیان خەرج دەكرێتەوە.