کۆنتی دی بڕۆین ئاگادار دەکاتەوە

وەرزش

29/09/2025     ژمارەی بینراو 223

ڕاچڵەکین سپۆرت -

 

دۆڕاندنی ناپۆلی بە ئەنجامی 2-1 لە خولی ئیتاڵیا، و هەروەها گۆڕانکاری کردن بە کیڤن دی بڕۆین لەلایان کۆنتییەوە بووە مانشێتی ڕۆژنامەکان.

یارییەکە لە سان سیرۆ بەڕێوەچوو، لە گێمی یەکەمدا ناپۆلی بە دوو گۆڵ لە دواوە بوو، دواتر دی برۆین لە خولەکی 60دا بە لێدانی سزا جیاوازییەکەی کەمکردەوە.

بەڵام ئەنتۆنیۆ کۆنتی ڕاهێنەر لە خولەکی 72دا بڕیاریدا ئەستێرە بەلجیکییەکە بگۆڕێت، بڕیارەکە بە ڕوونی دی برۆینی ناڕەحەت کرد.

لەگەڵ جێهێشتنی یاریگا، دی برۆین بە شێوەیەکی دیار ناڕەحەت دەرکەوت، لەکاتی ڕۆشتنیدا هاوار دەکات و تەوقەی لەگەڵ کۆنتی نەکردووە، ئەمەش قسە و باسی پەیوەندی نێوان یاریزانەکە و ڕاهێنەرەکەی لێکەوتەوە.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی دوای یارییەکە کۆنتی وەڵامی توندی ڕەفتاری دیبرۆینی دایەوە و ڕایگەیاند، هیوادارم توڕەییەکەی بەهۆی ئەنجامەکەوە بێت، چونکە ئەگەر بە هۆکاری دیکە توڕە بێت، ئەوا کەسێکی هەڵەی هەڵبژاردووە.

کۆنتی کە بە شێوازی جەختکردنەوە ناسراوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە دی برۆین خۆی لە پێکدادان لەگەڵیدا بەدوور بگرێت، جەختیشی لەوە کردەوە کە گۆڕانکارییەکە لە بەرژەوەندی تیپەکەدا بووە.

دی برۆین کە لە هاویندا لە یانەی مانچستەر سیتی پەیوەندی بە ناپۆلییەوە کرد، تا ئەو کاتە سەرنجڕاکێش بوو، لە شەش یاری ڕکابەریدا سێ گۆڵی بۆ یانەکەی تۆمارکردووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن