راچڵەكین -
هاتووچۆی هەولێر هۆشداریی بە لیست و لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەدات و داوایان لێدەكات وێنە و پۆستەرەكانیان بە ستوونەكانی ترافیك لایت و هێماكانی هاتووچۆ هەڵنەواسن و ڕێگاو شەقامە گشتییەكان نەگرن بۆ ئەوەی نەبنە هۆی دروستبوونی جەنجاڵی هاتووچۆ.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2-10-2025، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە، "بەهۆی دەستپێكردنی وادەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، داوا لەسەرجەم لیست و رەوت و لایەنە سیاسی و بەربژێرەكانی بەشدار لە هەڵبژاردن دەكەین، لەو ماوەیەی ڕێگەپێدراوە بۆ بانگەشەكردن، وێنە و پۆستەری بەربژێرەكان و بڵاوكراوەكانیان بە ستوونەكانی ترافیك لایت و هێماكانی هاتووچۆ هەڵنەواسن و وێنەی گەورە لەنزیك سوڕانەوەكان و سەر شۆستەی چوارڕیانەكان دانەنێن، كە ببێتە هۆكاری بەربەستی بینین لەبەردەم شوفێران.
داواش لە لایەنەكان كراوە، پۆستەرە گەورەكان بە باشی بچەسپێنن بۆ ئەوەی بەهۆی ڕەشەباوە بەرنەبنەوە سەر شەقامەكان و زیان بە ئۆتۆمبێل و بەكارهێنەرانی شەقام نەگەیەنن، هەروەها جامی ئۆتۆمبێل و ژمارەی تابلۆ دانەپۆشن بە ئاڵا و لۆگۆ و وێنەی بەربژێرەكان.
هاتووچۆی هەولێر داواشی لە بانگەشەكاران كردووە لە دواوەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر سەرنەكەون و جەستەیان لەجام و سلایدی ئۆتۆمبێلەكان نەهێننەدەرەوە، ڕێگاو شەقامە گشتییەكان نەگرن لەپێناو دروست نەبوونی جەنجاڵی هاتووچۆ و پاراستن و سەلامەتی گیانیان و ڕوونەدانی رووداوی هاتووچۆی نەخوازراو.
لە راگەیەندراوەكەیدا هاتووچۆی هەولێر هیواشی خواستووە وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن لە كەشێكی هێمن و دیموكراسیدا بەڕێوەبچێت، دوور لە سەرپێچی یاسا و رێنماییەكانی هاتووچۆ.