راچڵەكین -
لە ئیكوادۆر بەهۆی سیاسەتەكانی حكومەت لەبارەی كەمكردنەوەی خەرجییە گشتییەكان، خۆپیشاندانی ناڕەزایی دەستیپێكرد و سەرۆكی وڵاتەكەش لە هەوڵێكی تیرۆركردنی رزگاری بوو.
بەگوێرەی میدیاكانی جیهان، دانیال نوبوا، سەرۆكی ئیكوادۆر لەكاتی گەشتێكی لەناوخۆی وڵاتەكەی، لەلایەن سەدان خۆپیشاندەرەوە هێرش كرایە سەر كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی و بەربارانیان كرد، لەكاتی هێرشەكەشدا، چەند چەدارێكی نەناسراو دەستڕێژی گوللەیان لە ئۆتۆمبێلەكەی سەرۆكی ئیكوادۆر كرد، بەڵام دانیال نوبوا لە هەوڵەكەدا رزگاری بوو.
لەسەر ئەو رووداوە، هێزە ئەمنییەكانی ئیكوادۆر ژمارەیەك خۆپیشاندەریان بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تیرۆركردنی سەرۆكی وڵات، دەستگیركرد.
خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی خەڵكی ئیكوادۆر لەدژی بڕیارێكی حكومەتی وڵاتەكەیان دێت بۆ كۆتایی هێنان بە پاڵپشتیكردنی نرخی دێزل، ئەمەش لەچوارچێوەی سیاسەتی ئەو وڵاتە دێت بۆ كەمكردنەوەی خەرجیی گشتییەكان، بڕیارەكەش ناڕەزایی فراوانی هاووڵاتیانی لێكەوتووەتەوەو لەچەندین شاردا خۆپیشاندانی فراوان بەڕێوەچوو.