راچڵەكین-
توركیا تانەی لە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپادا، بۆ ئازادكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشوتری پارتی دیموكراتی گەلان.
دوای ئەوەی داداگای مافی مرۆڤی ئەوروپا داوای ئازادكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی هەدەپەی كرد لە دۆسیەی كۆبانێ، توركیا تانەی لەو بڕیارە داوە و رەتیكردەوە دەمیرتاش ئازاد بكرێت.
دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا جگە لەوەی بێتاوانی دەمیرتاشی لەو تۆمەتە راگەیاند كە ئاراستەی كراون، لەهەمان كاتدا داوای لە دادگای توركیا كردووە بە بڕی 55 هەزار و 745 یۆرۆ دەمیرتاش قەرەبوو بكرێتەوە.
لەبەرامبەر ئەو بڕیارەی دادگای توركیا، جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری پارتی یەكسانی و دیموكراتی گەلان -دەم پارتی- رایگەیاند، ئازادنەكردنی دەمیرتاش دەریدەخات كە هەستی كورد و داواكاریی جەماوەری توركیا پشت گوێ خراوە، ئەوەش زیان بە پرۆسەی ئاشتی دەگەیەنێت.
سەڵاحەدین دەمیرتاش یەكێكبوو لەو 108 تۆمەتبارانەی دۆسیەی كۆبانێ، كە پەیوەندی بە چالاكییەكانی 6-8ی تشرینی یەكەمی 2014ـەوە هەیە، رۆژی 16ی ئایاری 2024 سزای 42 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا و ماوەی نۆ ساڵە لە زیندانە.