ڕاچڵەکین سپۆرت -
ئەستێرەی فەرەنسی ئادریان ڕابیۆ، یاریزانی یانەی میلان، پەیامێکی توندی ئاراستەی ڕافایل لیاوی هاوڕێی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە کاتی ئەوە هاتووە بەهرەکەی وەربگێڕێت بۆ دەستکەوتی ڕاستەقینە، ئاماژەی بەوەشکرد، چیتر تەمەن بیانوو نییە بۆ بێبڕیارکردن یان بەفیڕۆدانی هەلەکان.
ڕابیۆ لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی گازێتا دێلۆ سپۆرت وتی: لیاو یاریزانێکی خاوەن بەهرەیەکی گەورەیە، بەڵام لە تەمەنی 26 ساڵیدا گەنج نیت، هیچ کاتێک نییە بەفیڕۆی بدەیت، شەرمەزارییە ئەگەر تەنها وەک یاریزانێک بمێنێتەوە کە توانایەکی گەورەی هەیە بەبێ ئەوەی لە ڕاستیدا ئەو کارە بەدیبهێنێت.
یاریزانە فەرەنسییەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ڕەنگە ئەو حەماسەت و خولیایەی یاریزانێکی وەک مۆدریچ نەبێت، بەڵام دەبێت لەخۆی بپرسێت: دەیەوێت بەرەو کوێ بڕوات، ئایا ڕازییە لەوەی بەدەستی هێناوە، یان دەیەوێت ببێتە یەکێک لە باشترینەکانی جیهان؟
ڕابیۆ جەختی لەوە کردەوە کە ماسیمیلیانۆ ئالێگری ڕاهێنەر توانای ئەوەی هەیە کاریگەری ئەرێنی لەسەر لیاو هەبێت و دەڵێت: ئالێگری دەزانێت چۆن باشترین سوود لە یاریزانەکانی وەربگرێت، هیوادارم ئەمە دەرفەتێکی ڕاستەقینە بێت بۆ ئەوەی لیاو بگەڕێتەوە بۆ باشترین ئاستی خۆی.
شایەنی باسە لیاو لەم وەرزەدا تەنها دوو یاری لە خولی ئیتاڵیا وەک یاریزانی یەدەگ ئەنجامداوە دوای چاکبوونەوەی لە پێکانەکانی ماسولکەکانی، هەروەها لەلایەن میدیا ئیتاڵیاکانەوە ڕەخنەی توندی لێ گیرا دوای ئەوەی هەلێکی ڕوونی لە تۆرینۆ بەرامبەر یۆڤانتۆس لەدەستدا.