راچڵەكین -
سەرۆكوەزیرانی عیراق پێشوازی لە نوێنەرانی كۆمپانیایەكی ئەمریكا دەكات و سوپاسیان دەكات لە بەرامبەر ئەو رۆڵەی نواندیان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 8-10-2025، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق، پێشوازی لە نوێنەرانی كۆمپانیای (HKN)، كە كۆمپانیایەكی وزەی ئەمریكایە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا، سودانی پێشوازی لە هاوبەشیی وەبەرهێنانی كۆمپانیا ئەمریكییەكە كرد لە عیراقدا، ئەمەشی بە ئاماژەیەكی ئەرێنی وەسفكرد كە رەنگدانەوەی ئەو متمانە زۆرەیە بە وەبەرهێنانی لە وڵاتدا، وتیشی:" ئەم هەنگاوە درێژكراوەی ئەو رێككەوتنەیە كە بەم دواییە لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئەمریكا لە بوارە جیاجیاكان واژۆكراوە، كە سەرەنجام پتەوكردن و بەهێزكردنی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی لێدەكەوێتەوە".
سەرۆكوەزیرانی عیراق سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ رۆڵی كۆمپانیای (HKN)ی ئەمریكی دەربڕی لە تەواوكردنی رێككەوتنی تایبەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و ئاسانكاریی بۆ كردنەوەی هێڵی بۆری نەوتی عیراق - توركیا، بەو پێیەی وێستگەیەكی گرنگە لە پەرەپێدانی كەرتی وزە.