راچڵەكین-
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق ئاشكرای دەكات، زیاتر لە 300 چاودێری نێودەوڵەتی ڕووماڵی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەكەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2025 كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق بڵاویكردەوە 304 كەسایەتی نێودەوڵەتی وەك چاودێر بەشداری لە پرۆسەی رووماڵی هەڵبژاردنەكاندا دەكەن.
ئەوەش روونكراوەتەوە، ئەو چاودێرانە نوێنەرایەتی 7 باڵیۆزخانە و 36 ڕێكخراوی نێودەوڵەتی دەكەن و لە نزیكەوە چاودێریی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانەكە دەكەن.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق ئاماژەی بەوەشكردووە، لەرۆژی هەڵبژاردندا زیاتر لە 1500 ڕۆژنامەنووس رووماڵ دەكەن كە 200 كەسیان ڕۆژنامەنووسی بیانی دەبن و لە میدیا جیهانییەكانەوە هاتوون.
بەووتەی بەرپرسانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق 140 بنكەی تایبەت بە ڕووماڵی میدیایی لە سەرانسەری عیراق لەلایەن كۆمسیۆنەوە دیاریكراون كە 41 بنكەیان لە هەرێمی كوردستانە.
بڕیارە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، ڕۆژی سێشەممە، 11ی تشرینی دووەمی 2025، بەڕێوەبچێت.