راچڵەكین-
كەناڵی 12ی ئیسرائیل بڵاویكردەوە، سوپای ئیسرائیل ئامادەكاری كردوەو پلانی داڕشتووە بچێتە ناو خاكی لوبنان.
سەرچاوەیەك بەكەناڵەكەی راگەیاندووە:" سوپای ئیسرائیل ئامادەكاری دەكات بۆ چوونە ناو خاكی لوبنان بەمەبەستی لاوازكردنی حیزبوڵاو، ناچاركردنی ئەو حزبەو حكومەتی بەیروت بە واژووكردنی رێكەوتننامە لەگەڵ تەلئەبیب."
هاوكات بەرپرسانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوەكردووە:" رێگا بە حیزبوڵا نادرێت خۆی بەهێزبكاتەوە، هەرگیز بواری پێ نادرێت بگەڕێتەوە بۆ 6ی ئۆكتۆبەر، هێرشەكانمان زیاد دەكەین و دەست بەجەنگ دەكەینەوە ئەگەر پێویست بكات."
بەگوێرەی راپۆرتی كەناڵە ئیسرائیلییەكە بێت، لەئێستادا حیزبوڵا دەستیكردووە بەخۆ ڕێكخستنەوەو ئەمباركردنی مووشەك، گوللە تۆپ و كەرەستەی جەنگی.
ئەوەش لەكاتێكدا دێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە حیزبوڵا لەبەیاننامەیەكدا بڵاویكردووەتەوە:" مافی خۆیەتی بەرەنگاری دوژمنكاران و داگیركەران بێتەوە، لوبنانیش هیچ پابەندبوونێكی لەسەر نییە تا بچێتە رێكەوتنی سیاسی لەگەڵ ئیسرائیل."