راچڵەكین-
ڕێبەری ڕەوتی سەدر، بڕیاریدا هەموو چالاكییەكانی ڕێكخراوی سەرایا سەلام سڕ بكرێن و سەرجەم بنكە و بارەگاكانیان لە بەسرەو كوت دابخرێن.
موقتە سەدر لەپەیامێكدا بۆ تەحسین حمێداوی، سەرپەرشتیاری گشتی سەرایا سەلام فەرمانیكردووە بە سڕكردن و داخستنی بارەگاكانی سەرایا سەلام بۆ ماوەی شەش مانگ.
سەدر لەپەیامەكەیدا بۆ حمێداوی داوایكردوە، بڕیارەكە جێبەجێ بكات، نایەوێت تۆمەتی ئەنجامدانی هێرش و کارە نابەرپرسانەکان ئاڕاستەی سەرایا سەلام بکرێن لە کاتێکدا ئەنجامیان نەداوە.
ڕێبەری ڕەوتی سەدر جەخت لەوەدەكات، ناوبانگی سەرایا سەلام بۆ ئەو زۆر لە بوونی گرنگترە، لەهەمان كاتدا داوای لەئەندامانی سەرایا سەلام كردووە، لە ئاست ئەو پێشێلكاری و هەوڵە ئاژاوەگێڕیانە، هۆشیار و چاوكراوە بن، كە لەلایەن گەندەڵەكان و هاوشێوەكانیان دەدرێن.