راچڵەكین -
پەرلەمانی ئەوروپا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسایەكی تایبەت بە كۆتایی هێنان بە هاوردەكردنی غازی رووسیا پەسەندكرد و بەگوێرەی یاساكەش، تا كۆتایی ساڵی 2026، هیچ وڵاتێكی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا ناتوانێت غاز لەو وڵاتە هاوردە بكات.
لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەوروپا، پڕۆژەیاسای دەستبەرداربوون لە غازی رووسیا خرایە دەنگدانەوەو بە زۆرینەی 500 دەنگ بەرامبەر 120 دەنگی نەخێر، پەسەندكرا و بووە یاسایەكی كارپێكراو، بەپێی یاساكەش سەرجەم وڵاتانی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا پابەندكراون تا كۆتایی ساڵی 2026 كۆتایی بە هاوردەكردنی غازی رووسیا بهێنن و بەدوای سەرچاوەی دیكەدا بگەڕێن.
پەسەندكردنی یاساكە، لەچوارچێوەی گوشارەكانی یەكێتی ئەوروپا دێت بۆسەر رووسیا بەمبەەستی كۆتایی هێنان بە جەنگی ئۆكراینا و واژۆكردنی رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ كیێڤ و كشانەوەی هێزەكانی لەو ناوچانەی ئۆكراینا كە لەماوەی جەنگی نێوانیان كۆنترۆڵی كردووە، هەرچەندە رووسیا ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگ، بەڵام بەو مەرجەی دان بەو ناوچانەی ئۆكراینادا بنرێت كە ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی سوپای رووسیادایە وەك بەشێك لە خاكی ئەو وڵاتە.
پێشتریش كۆمسیۆنی یەكێتی ئەوروپا بڵاویكردەوە، سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە یەكێتییەكە پابەندكراون كە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە هیچ گرێبەستێكی هاوردەكردنی غازی سروشتی لەگەڵ رووسیا واژۆ نەكەن، هاوكات هەر وڵاتێكیش گرێبەستی كورتخایەنی لەگەڵ مۆسكۆ كردووە، دەبێ لەرۆژی 17-6-2026 كۆتایی پێبێت و نوێ نەكرێتەوە، بەڵام ئەو وڵاتانەی گرێبەستی درێژخایەنیان بۆ هاوردەكردنی غازی رووسیا كردووە، تا سەرەتای ساڵی 2028 كاری پێدەكرێت و لەو بەروارە بەدواوە هیچ وڵاتێكی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا نابێ غاز لە رووسیاوە هاوردە بكات.
هەندێ وڵاتی یەكێتی ئەوروپا، لەوانەش هەنگاریا و چیك، ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بڕیارەكە نیشاندا و رایانگەیاند كە زیانێكی زۆریان پێدەگات، بەو پێیەی تائێستا هیچ سەرچاوەیەكی دیكەیان نییە كە ببێتە جێگرەوەی رووسیا و لەوێوە غاز بە نرخێكی هەرزان هاوردە بكەن.