راچڵەكین -
ئەو سێ كەسەی تۆمەتبار كرابوون بە كوشتنی ئەفسەرێكی پۆلیسی كەركوك، دوانیان دەستگیركران و تۆمەتباری سێیەمیش بە كوژراوی دۆزرایەوە.
دوای ئەوەی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 19-12-2025، عەقید زەید عادل، بەڕێوەبەری پێشووی بنكەی پۆلیسی عەرەفەی كەركوك، لە نزیك ماڵەكەی خۆی لە گەڕەكی عەرەفە بە دەستڕێژی گولـلە كوژرا، پۆلیسی كەركوك لێكۆڵینەوەی لەبارەی رووداوەكە دەستپێكرد و بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی كە لە كامێرای چاودێرییەوە بڵاوكراوەتەوە، ئەفسەرەكە لەناو ئۆتۆمبێلێكەوە تەقەی لێدەكرێت، كە سێ كەسی تێدابووە و بە سەختی برینداری دەكەن، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەكەی، كە چوار گوللە بەر مل و سنگی كەوتووە، عەقید زەید گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست راچڵەكین كەوتووە، هێزەكانی پۆلیسی كەركوك، توانیوانە دوو تۆمەتبار دەستگیربكەن، تۆمەتباری سێیەمیش كە شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە بووە، لەسەر رێگەی ناحیەی تازە بە كوژراوی دۆزرایەوە.