راچڵەكین-
پیربوونی جەستە، تەنها پەیوەندی بە هۆكارە بۆماوەییەكانەوە نییە، بەڵكو خوو و شێوازی ژیانی ڕۆژانە، كاریگەری زۆریان لەسەر پیربوونی جەستە هەیە.
پسپۆڕان جەختلەوەدەكەن، ئەگەری زۆرە ئەو كارە سادانەی مرۆڤ بەبەردەوامی ئەنجامیان دەدات، كاریگەریان هەبێت لەسەر تێكچوونی تەندروستی گشتی و خێراكردنی پیربوونی تەمەنی بایۆلۆجی.
گۆڤاری "تەندروستی- Health ١٠ خووی ڕۆژانەی خستووەتەڕوو كە بە بێدەنگی پیربوونی جەستە خێراتر دەكەن.
پشوو نەدان
زیادەڕۆیی لەكاركردنی زیادە، كۆئەندامی دەمار لە دۆخێكی بەردەوامی چالاكیدا دەهێڵێتەوە و دەبێتە هۆی ماندوێتی و تێكچوونی باری دەروونی و لاوازبوونی بەرگری لەش.
دكتۆر كیڤن میستری دەڵێت:" بایۆلۆجی ئێمە لەسەر ڕیتمێكی بەئاگابوون و خەوتن، فشار و چاكبوونەوە بنیات نراوە. كاتێك هەرگیز لە كاركردن ناوەستین، جەستەمان لەو كاتە بێبەش دەكەین كە پێویستییەتی بۆ چاكبونەوەو خۆ ڕێكخستنەوە."
وكشبوونەوەی درێژخایەن
زۆر كەس تووشی وشكبوونەوەی سووك و درێژخایەن دەبن كە كاریگەری لەسەر كاركردنی مێشك و پاككردنەوەی ژەهر و چەوركردنی جومگەكان دەبێت.
لەوبارەیەوە میستری دەڵێت:"وشكبوونەوەی جەستە شانەكانی مێشك بچووك دەكاتەوە و تەركیز و باری دەروونی و بیرەوەری تێكدەدات."
بە تێپەڕبوونی كات وشكبوونەوەی درێژخایەن، ماندوێتی و پیربوونی پێست و كێشەی گورچیلە و كەمبوونەوەی توانای بەرگەگرتنی فشاری دەروونی زیاتر دەكات. بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو دۆخەش، باش وایە لەكاتی بەخەبەرهاتن پەرداخێكی گەورە ئاو لەگەڵ خوێی دەریایی و لیمۆ بخورێتەوە، هەروەها بە درێژایی ڕۆژ ئاو بخورێتەوە.
زیادەڕەویكردن لەبەركارهێنانی بیستۆك (هێدفۆن)
بیستۆك یارمەتیدەرە بۆ سەرنج خستنەسەر، بەڵام بەكارهێنانی بۆ ماوەیەكی زۆر، زیان بە تەندروستی جەستە دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی زیادبوونی فشار لەسەر دەمارەكان، لەهەمان كاتدا ڕۆیشتنی خوێن بۆ مێشك كەمدەكاتەوە، ئەركەكانی هەناسەدان لاواز دەكات و دەبێتە هۆی سەرلێشێواوی لە بیركردنەوەدا.
ڕۆتینی فشاری زۆر
فشاری درێژخایەن وابەستەیە بە نەخۆشییەكانی دڵ، تێكچوونی كۆئەندامی هەرس و لاوازبوونی سیستەمی بەرگری جەستە.
جێنیڤەر هانكسۆن، هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا لەبواری پزیشكی دەڵێت:" فشاری دەروونی، پیربوونی خانەكان خێراتر دەكات و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەكانی پەیوەست بە تەمەن زیاد دەكات.
هانكسۆن ئامۆژگاری ئەو كەسانە دەكات كە بەدەست فشاری دەروونییەوە دەناڵێنن ڕاهێنان لەسەر تێڕامان، وردبینی و، هەناسەدان بكەن بۆ كەمكردنەوەی ئاستی فشارە دەرونییەكەیان.
پشتگوێخستنی پاكو خاوێنی دەموددان
دەموددان شووشتن پێش خەوتن زۆر گرنگە، توێژینەوەیەك دەریخستووە، ئەو كەسانەی شەوانە ددانەكانیان دەشۆن، ئەگەری مردنیان كەمترە بەراورد بەكەسانێك كە ئەو كارە ئەنجام نادەن.
خەوتن بە ماكیاژەوە
خەوتن بە ماكیاژەوە پیربوونی پێست خێراتر دەكات، هاوكات سوڕی نوێبوونەوەی سروشتی لەكاردەخات و دەبێتە هۆی دروستبوونی زیپكە.
وابەستەیی بەردەوام بە ئامێرەكانەوە
وابەستەیی بەردەوام بە ئامێرەكانەوە لەوانەیە ببێتە هۆی زیادەڕەوی لە چالاكیی هەمیشەیی سیستەمی دەمار.
سیستەمی دەمار گرنگە؛ بەرپرسە لە هێوركردنەوەی دڵ و هەرسكردن، پێویستی بە چەند ساتێك لە بێدەنگی و پەیوەندی ڕاستەقینە هەیە.
ڕەشبینی بەردەوام و نەبوونی پلان
ڕەشبینی بەردەوام، كاریگەری لەسەر تەندروستی دەروونی و پەیوەندییەكان و ژیان بە گشتی دەبێت. جگە لەوە نەبوونی ئامانجی ڕوون، كاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی دەروونی و جەستەیی هەیە.
نا سەقامگیری ژیانی كۆمەڵایەتی
گۆشەگیری و تێكەڵاو نەبوون، دەمارەكان لە حاڵەتێكی گرژی درێژخایەندا دەهێڵێتەوە، هەروەك كاریگەری لەسەر بیرەوەری و باری دەروونی و تەندروستی گشتی دەبێت.
دانیشتن بەدرێژایی ڕۆژ
دانیشتنی زۆر خایەن، پرۆسەی میتابۆلیزم ( گۆڕینی خۆراك بۆ وزە لەجەستەدا) و ماسولكەكان خاو دەكاتەوە، ئەوەش پیربوونی جەستە خێراتر دەكات.