راچڵەكین -
پۆلیسی گەرمیان روونكردنەوە لەبارەی شەڕەكەی ئەمڕۆی گوندی خاڵە بەگ-ی سنووری قەزای رزگاری دەدات كە چوار كوژراو و حەوت برینداری لێكەوتەوەو رایدەگەیەنێت: سێ لە كوژراوەكان برای یەكترن و ئەوی دیكەش ئامۆزایانە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 19-12-2025، لەسەر ڕێگای گوندی خاڵە بەگ سەر بە قەزای ڕزگاری، لەسەر زەوی وزار شەڕ لەنێوان دوو لایەن روویدا كە خزمی یەكترن، لەئەنجامدا چوار كەس لەیەك تەرەف گیانیان لەدەستدا، كە سێ دانەیان برای یەكترن و دانەیەكیان ئامۆزایانە و برایەكی سێ كوژراوەكەش بریندارە.
پۆلیس ئاماژەی بەوەكردووە، لەتەرەفی بەرامبەریش شەش كەس بریندار بوون، دوای چارەسەری خێرا، بریندارەكان بەهۆی سەختی برینەكەیانەوە، رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی كراون.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لەئێستادا لەسەر فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە و سەرجەم هێزەكانیش لە ئامادەباشیدان بۆ جێبەجێكردنی سەرجەم بڕیارەكانی دادوەری لێكۆڵینەوە، هەر لە فەرمانەكانی دەستگیركردن تاوەكو هەموو بڕیارەكانی تر.