راچڵەكین -
هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) دەستگیركردنی ژمارەیەك تیرۆریستی داعش لە شاری رەققە رادەگەیەنێت و دەستبەسەر چەندین چەكی جۆراوجۆر و ئامێری پەیوەندیدا دەگرێت.
ئەمڕۆ شەممە 3-1-2026، سەنتەری راگەیاندنی هەسەدە لە راگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە، تیمێكی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانیان لە پرۆسەی ئەمنیی هاوبەشدا لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شاری رەققە، ئەندامانی شانەیەكی تیرۆریستانی داعشیان دەستگیركرد كە ژمارەیان چوار كەس بووە.
پرۆسە ئەمنییەكە بەپشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەكان بووە، راگەیاندنی هەسەدە ئاماژەی بەوەكردووە، لەكاتی ئەنجامدانی پرۆسە ئەمنییەكەدا، جگە لە دەستگیركردنی ئەو چوار تیرۆریستەی داعش، دەستبەسەر چەندین پارچە چەكی جۆراوجۆر و ئامێری پەیوەندیدكردندا گیراوە كە تیرۆریستەكان بەكاریان هێناوە.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دەستگیركراوەكانی داعش پیلانیان داڕشتبوو بۆ ئەنجامدانی چەند كردەوەیەكی تیرۆریستی لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە.
لەماوەكانی رابردوودا هێزەكانی سووریای دیموكرات چەندین ئۆپەراسیۆنیان بۆسەر مۆڵگەكانی داعش لەناوچەكانی رۆژهەڵاتی فورات ئەنجامدا و دەیان تیرۆریستی داعشیان دەستگیركرد كە سەرقاڵی خۆرێكخستنەوە بوون.