راچڵەكین -
سەرۆكایەتی كۆماری عیراق ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە كە باس لەوەدەكرێت لەتیف رەشید سەرۆككۆمار سوپاسنامەی ئاڕاستەی وەزیری دارایی عیراق كردبێت بۆ دیاریكردنی مووچەكەی بە بڕی 90 ملیۆن دینار، هەڕەشەی گرتنبەری رێكاری یاساییش لەدژی ئەو لایەنانە دەكات كە هەواڵی ناڕاستی لەو جۆرە بڵاودەكەنەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆماری عیراق لە روونكردنەوەیەكدا كە ئەمشەو پێنجشەممە 1-1-2026 بڵاویكردووەتەوە، ئەو هەواڵەی رەتكردووەتەوە كە تۆڕە كۆمەلایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە، گوایە د. لەتیف رەشید سوپاسنامەیەكی ئاڕاستەی تەیف سامی، وەزیری دارایی عیراق كردووە بۆ دیاریكردنی مووچەی خانەنشینی سەرۆككۆماری عیراق بەبڕی 90 ملیۆن دینار.
لە روونكردنەوەكەدا هاتووە، ئەو هەواڵەی بڵاوكراوەتەوە، ناڕاستە و هیچ پەوەندییەكی بە واقیعەوە نییە، نە سەرۆككۆمار و نە هیچ لایەنێكی فەرمیی پەیوەندیدار بە سەرۆكایەتی كۆمار، هیچ پەیوەندییەكی بە وەزارەتی داراییەوە نەكردووە، بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاستیش لەچوارچێوەی ئەو هەڵمەتی پڕوپاگەندانە دێت كە هەندێ لایەنی ترسنۆك و گەندەڵ لە پشتییەوەن و ئامانجیان لەكەداركردنی سەرۆككۆمار و دامەزراوەكانی دەوڵەتە.
سەرۆكایەتی كۆماری عیراق هۆشداری داوە لە بڵاوكردنەوەو رەوایەتیدان بە هەواڵی ناڕاست و چەواشەكارانە، هاوكات داواشی لە هاووڵاتیان و كەناڵەكانی راگەیاندن كردووە زانیارییەكا لە سەرچاوەی فەرمی وەربگرن، بە مافی خۆیشیان دەزانن رێكاری یاسایی لەدژی ئەو لایەنانە بگرنەبەر كە لەپشت بڵاوكردنەوەی ئەم جۆرە هەواڵە ناڕاستتنە دەوەستن.