راچڵەكین -
بەهۆی دابەزینی پلەكانی گەرما و خراپی رەوشی كەشوهەوا، پەروەردەی سۆران بڕیتاریدا سبەینێ بكرێتە پشووی ناوەندەكانی خوێندن لەسنووری ئیدارەی سۆران.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای وەرگرتنی دواین ڕاپۆرتی كەشناسی و ناسەقاگیری كەش و هەوا بە تایبەت لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دابەزینی پلەكانی گەرما لە هەندێك ناوچە بۆ 15 پلە لە ژێر سفر، بۆ سەلامەتی گیانی پەروەردەكاران و خوێندكاران، بەهۆی نالەباری كەش و هەوا و ئەگەری دروستبوونی شەختە بەتایبەت لە بەشێكی سنورەكەمان، بڕیارماندا بە پشووی فەرمی لە سەرجەم قوتابخانەكانی (حكومی و ناحكومی) و پەیمانگەكانی سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان بۆ سبەی یەكشەممە 4-1-2026.
راگەیاندنی پشووەكەی سبەینێ لەكاتێكدایە بەهۆی ئەو شەپۆلی بەفربارینەی كە زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە، لەسنووری ئیدارەی سۆرانیش بڕێكی زۆر بەفر باریوەو پلەكانی گەرماش گەیشتووەتە خوار سفری سیلیزی.