راچڵەكین-
ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاویكردەوە، ژمارەی ئەو كەسانەی لە ئاكامی ھێرشە ئاسمانییەكەی ڕۆژی ٣ی ئەم مانگەی ئەمریكا بۆ سەر ڤێنیزوێلا كوژراون، بەرزبووەتەوە بۆ ٨٠ كەس.
لەو ئۆپراسیۆنە سەربازییەی هێزی دەلتای ئەمریكا كە لەكاراكاس-ی پایتەخت، ئەنجامدرا، توانرا نیكۆلاس مادۆرۆو ژنەكەی دەستگیربكرێن و دواتر ببرێنە ئەمریكا.
نیویۆرك تایمز، بەپشت بەستن بە بەرپرسێكی باڵای ڤێنیزوێلا بڵاوی كردووەتەوە، ھێرشە ئاسمانییەكەی ئەمریكا بۆ سەر كاراكاس پایتەختی ڤێنیزوێلا، زیانی زۆریان بە ئامانجە مەدەنی و سەربازییەكان گەیاندووە.
بە وتەی بەرپرسە باڵاكەی ڤێنیزوێلا ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە ئاكامی ھێرشە ئاسمانییەكەی ئەمریكا كوژراون، بەرزبووەتەوە بۆ ٨٠ كەس كە لەنێویاندا ژمارەیەك سەرباز ھەن.
هاوكات حكومەتی كوبا بەفەرمی رایگەیاند، لەهێرشەكەی ئەمریكا بۆسەر كاراكاس، 32 ئەفسەری سوپاو پۆلیسی كوبی كوژراون.
بەگوێرەی ڕاگەیندراوەكەی حكومەتی كوبا، ئەو ئەفسەرو پۆلیسانە لەسەر داوای ڤەنزویلا لەئەركێكدا بوون لەو وڵاتە و لەهێرشەكەی ئەمریكادا كوژراون.