راچڵەكین-
حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەماوەی سێ ساڵدا، حكومەتی فیدراڵ تەنها 41%ی شایستە داراییەكانی ناردووە بۆ هەرێمی كوردستان.
ئەمڕۆ سێشەممە 6ی كانوونی دووەمی 2026 فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، لە ماوە سێ ساڵی ڕابردوودا، لەدوای پەسەندكردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵیی عیراق، لە 21ـی حوزەیرانی ساڵی 2023، كە بۆ هەر سێ ساڵی دارایی (2023 – 2024 – 2025) بوو، تیایدا پشكی هەرێمی كوردستان، دوای چەندین گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن، لەنێوان شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵ، دیاری كرا.
"جیاوازیی نێوان شایستە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەوەی بە كردەیی لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا خەرج كراوە، بە قەبارەیەكی گەورە خەمڵێندراوە و هەرێم ڕووبەڕووی "گەمارۆی وەبەرهێنان" و "كەلێنی گەورەی دارایی" كراوەتەوە." حكومەتی هەرێمی كوردستان وادەڵێت.
وەك لەڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە:"بەپێی داتاكان، كۆی شایستەی دارایی هەرێم گەیشتووەتە 58.3 ترلیۆن دینار، بەڵام ئەوەی بە كردەیی بۆ هەرێم نێردراوە لە 24.3 ترلیۆن دینار تێپەڕی نەكردووە، كە دەكاتە %41ی مافە داراییەكان و ئەمەش تەنها %3.9ی كۆی بودجەی عیراقە."