راچڵەكین -
دانوستانی نێوان ئیسرائیل و سووریا لە پاریس-ی پایتەختی فەرەنسا بەئەنجام گەیشت و هەردوولا گەیشتنە لێكتێگەیشتنێك لەبارەی دامەزراندنی میكانیزمی هەماهەنگی هاوبەش بۆ باشووری سوریا.
ئەمڕۆ سێشەممە 6-1-2026، وەفدی دانوستانكاری ئیسرائیل و سووریا بە نێوەندگیریی ئەمریكا، لە پاریس-ی پایتەختی فەرەنسا كۆبوونەوەو بەگوێرەی راگەیەندراوێكی هاوبەش، لێكتێگەیشتن لەنێوان تەلئەڤیڤ و دیمەشق كراوە لەبارەی دامەزراندنی میكانیزمی هەماهەنگی هاوبەش بۆ باشووری سوریا.
لەبەشێكی راگەیەندراوە هاوبەشەكەی نێوان ئیسرائیل و ئەمریكا و سووریادا هاتووە، بەیاننامە هاوبەشەكەی ئەمریكا و ئیسرائیل و سوریادا هاتووە: دانوستانەكانی پاریس تیشكی خستووەتە سەر رێزگرتن لە سەروەریی و سەقامگیری سوریا و ئاسایشی ئیسرائیل و هەردوولاش گەیشتوونەتە چەند لێكتێگەیشتنێك، لەوانە میكانیزمی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان سوریا و ئیسرائیل، كە ئامانجی ئاسانكارییە بۆ هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی هەواڵگری و كار بۆ كەمكردنەوەی پەرەسەندنی سەربازی دەكات و چارەسەری هەر ناكۆكییەكیش دەكات كە لە داهاتوودا رووبدات.
لە یەكەم كاردانەوەشدا بەرامبەر لێكتێگەیشتنەكەی نێوان ئیسرائیل و سووریا، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە دیمەشق راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی ناو لێكتێگەیشتنەكە دەبڕی وەك بەشێك لە هەوڵێكی فراوانتری واشنتۆن لەپێناو ئاشتییەكی هەمیشەیی لە ناوچەی رۆژهەلاتی ناوەڕاست.
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە سووریا ئاشكراشیكردووە، ئیسرائیل و سووریا پێداگرن لەسەر هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لە پەیوەندییەكانی نێوانیان كە سوود و قازانجی بۆ نەوەكانی ئایندە هەبێت.