راچڵەكین -
حكومەتی ئیسرائیل لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی ئاگربەست لە غەززە، چەندین زیندانیكراوی دیكەی فەلەستینی ئازاد كرد و لەڕێگەی خاچی سووری نێودەوڵەتییەوە گەیەندرانە كەرتی غەززە.
میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 7-1-2026، 10 زیندانیكراوی دیكەی فەلەستینی كە لەكاتی هێرشەكانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر كەرتی غەززە دەستگیركرابوون، لەلایەن دادگاكانی ئیسرائیلەوە بڕیاری ئازادكردنیان بۆ دەرچوو و لەڕێگەی رێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتییەوە رەوانەی شاری دێرلبەلەح لە ناوەڕاستی كەرتی غەززە كران.
ئیسرائیل لەرۆژی 13ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2025ەوە تائێستا، زیاتر لە هەزار و 750 زیندانیكراوی فەلەستینی ئازاد كردووە، ئەمەش لەچوارچێوەی پابەندبوونی حكومەتی تەلئەڤیڤ دێت بە بڕگەكانی رێككەوتی ئاگربەست لە كەرتی غەززە.
بەپێی ئامارەكانی دەسەڵاتدارییەتی فەلەستین، زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتیی فەلەستینی كە بەشێكیان ژن و منداڵن و بە تاوانی جیاجیا لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیركراون، لە گرتووخانەكانی ئەو وڵاتە لە دۆخێكی ناهەمواری مرۆییدان.