دواجار نوێنەرەكەی ئەمریكا لەسەر ڕووداوەكانی حەلەب قسەی كرد

کوردستان

17 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 136


راچڵەكین-

نوێنەری تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا پێشوازی لە ئاگربەستی كاتی لەحەلەب دەكات و دەڵێت كار دەكەن بۆ ئەوەی ماوەی ئاگربەستەكە درێژبكرێتەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەیینی 9ی كانوونی دووەمی 2026 وەزارەتی بەرگری سوریا بڵاویكردەوە،، پێویستە گروپە چەكدارەكان لە كاتژمێر 3:00 گەڕەكەكانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە چۆڵ بكەن، ئەم بڕیارە تاوەكو كاتژمێر 9:00ی بەیانی ئەمڕۆ كاری پێدەكرێت.

وەك لەڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، چەكدارەكانی هەسەدە دەتوانن لەو ماوەیەدا بەچەكە سوكەكانیانەوە گەڕەكەكان بەجێبهێڵن و سەلامەتی گیانیان پارێزراو دەبێت و دەتوانن خۆیان بگەیەننە ناوچەكانی باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

لەبەرامبەر ئەو ڕاگەیەندراوەی وەزارەتی بەرگری سوریا، تۆم باراك، نوێنەری تایبەتی ئەمریكا بۆ سوریا رایگەیاند، پێشوازی لەو ئاگربەستە كاتییە دەكەن كە لە هەردوو گەڕەكی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب راگەیەندراوەو كار دەكەن بۆ درێكردنەوەی ئەو وادەیەی ڕاگەیەندراوە.

لەلایەن خۆشییەوە سینەم محەممەد، نوێنەری مەسەدە لە واشنتۆن رایگەیاندووە"ئەشرەفییە گەڕەكێكی گەورەیە و بەشێكی عەرەبی تێدا نیشتەجێن، ئەو بەشە كەوتووەتە دەستی سوپای عەرەبیی سوریا، بەڵام ئەو بەشەی كوردی تێدایە، هێشتا لەژێر دەستی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردایە." وەك ڕووداو بڵاویكردووەتەوە.

 " ئەو هێرشەی كراوە لە بەرژەوەندیی گەلانی سوریا نییە، بەڵام ئەوان دەیانەوێت كورد لە حەلەب نەمێنێت." سینەم محەممەد وا دەڵێت. 

بەگوێرەی ئەو ئامارە نافەرمیانەی بڵاوكراونەتەوە، لەماوەی سێ ڕۆژی پەلاماری سوپای سوریاو چەكدارەكانی سەر بەو سوپایە بۆسەر گەڕەكەكانی شێخ مەقسودو ئەشرەفییەی كورد نشین لەحەلەب، تائێستا لانی كەم 20 كەس گیانیان لەدەستداوەو 60ی تر برینداربوون كە ژمارەیەكیان ژن و منداڵن.

 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن