مەسعود بارزانی لەبارەی سووریا پەیامێك بڵاودەكاتەوە

کوردستان

13 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 107

راچڵەكین -

مەسعود بارزانی پەیامێك لەبارەی پەرەسەندن و گۆڕانكارییەكانی سووریا بڵاودەكاتەوەو دەرچوونی مەرسوومی سەرۆكی سووریاش لەبارەی مافەكانی كورد، بە هەنگاوێكی ئیجابی و ئاڕاستەی دروست وەسفدەكات، راشیدەگەیەنێت: هیوادارین بە زووترین كات ئەو شەڕ و ئاڵۆزی و گرژییانە ڕابگیرێن كە ئێستا لەنێوان هێزەكانی حكوومەتی سووریا و هەسەدە لە ئارادایە و هەموو لایەك بۆ ئەو ڕێككەوتنانە بگەڕێنەوە كە پێشتر بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بەستراون.

لەو پەیامەیدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە 18-1-2026 بڵاویكردووەتەوە، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایەیاندووە، سەبارەت بە دوایین پەرەسەندن و گۆڕانكارییەكانی سووریا و لە چوارچێوەی هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، دوێنێ كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی گرنگمان لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆك ترامپ بۆ كاروباری سووریا و فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات و سەرۆكی ئەنەكەسە هەبوو.

بارزانی هیواشی خواستووە، بە زووترین كات ئەو شەڕ و ئاڵۆزی و گرژییانە ڕابگیرێن كە ئێستا لەنێوان هێزەكانی حكوومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات لە ئارادایە و هەموو لایەك بۆ ئەو ڕێككەوتنانە بگەڕێنەوە كە پێشتر بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و گەییشتن بە سەقامگیری لەنێوان لایەنەكانی سووریا بەستراون.

سەرۆكی پارتی راشیگەیاندووە، دەرچوونی مەرسوومی سەرۆكی سووریا لەبارەی مافەكانی كورد بە هەنگاوێكی ئیجابی و ئاراستەی دروست دەزانین و  هیوادارین ببێتە زەمینەیەك بۆ ئەوەی بە ڕەزامەندیی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەوڵەمەند بكرێت و بە شێوەیەكی یاسایی و دەستوری، گەرەنتیی مافەكانی گەلی كوردی لەسەر بنیات بنرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن