راچڵەكین -
ئاسایشی هەولێر دەستگیركردنی سێ تۆمەتباری راگەیاند كە وەك باندێك رێگرییان لە هاووڵاتیان دەكرد و لەژێر هەڕەشەدا پارەیان لێ وەردەگرتن.
بە گوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، كە ئەمڕۆ یەكشەممە 18-1-2026 بڵاوكراوەتەوە، دوای ئەوەی لەچەند حاڵەتێكی ڕێگریكردن لە چەند هاوڵاتییەك ئاگاداركرانەوە، كە چەند كەسێكی نەناسراو هێرشیان كردووەتە سەریان و ڕێگرییان لێكراوە و لەژێر هەڕەشەدا هەرچی پارەیان لەلا بووبێت لێیان وەرگیراوە، دەست بە ئەنجامدانی بەدواداچوون كراو بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، سێ تۆمەتبار بەناوەكانی (د ، د ، أ) و ( أ ، م ، خ) و ( ع ، ك ، س) كە هەڵسابون بە ئەنجامدانی ئەم تاوانە، لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە دەستگیركران.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، تۆمەتبارە دەستگیركراوەكان لەكاتی ئەنجامدانی تاوانەكەیاندا، سوكایەتی و گرتەی ڤیدیۆی قوربانییەكانیان تۆماركردووە، تاكو وەك بەڵگەیەك لە بەردەستیان بێت و قوربانییەكانیش نەتوانن سكاڵای یاسایی لە دژیان تۆمار بكەن.