راچڵەكین -
مەسعود بارزانی و ئەحمەد شەرع، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی نێوانیاندا جەختیان لەسەر رەچاوكردنی مافەكانی كورد و پاراستنیان لە سووریا كردەوە.
ئێوارەی رۆژی یەكشەممە 18ی كانوونی دووەمی 2026، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆكی قۆناغ راگوزەری سووریاوە پێگەیشت.
بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا باس لە دوایین پێشهاتەكانی سووریا كرا و ئەحمەد شەرع وێڕای باسكردنی ناوەڕۆكی ڕێككەوتنامەی لەگەڵ هەسەدە، جەختی لەوە كردەوە كە ڕەچاوی مافەكانی كورد و پاراستنیان لە سووریا دەكرێت و كێشە و گرفتەكان بەپێی ڕێككەوتنەكان چارەسەر دەكرێن.
هەر لەو پەیوەندییەدا مەسعود بارزانی تەئكیدی لە پێویستیی گەرەنتیكردنی مافەكانی گەلی كورد كردەوە و هەروەها دەرچوونی مەرسوومی سەرۆكی سووریا لەبارەی مافەكانی كورد بە هەنگاوێكی دروست لە قەڵەم دا كە دەكرێ بۆ مافەكانی كورد لە سووریا بنەماییەكی پتەو و ئیجابی لەسەر بنیات بنرێت.