پارێزگاری هەولێر لەبارەی راگەیاندنی پشوو ڕوونكردنەوە دەدات

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 185


راچڵەكین-

پارێزگاری هەولێر لەبارەی ڕاگەیاندنی پشوو بەهۆی ناسەقامگیری دۆخی كەشوهەوا، روونكردنەوە دەدات.

ئەمڕۆ دووشەممە 19ی كانوونی دووەمی 2026 ئومێد خۆشناو بەمیدیای نزیك لەپارتی راگەیاند، لەسنووری پارێزگاكە ژوورێكی بەدواداچوون و ئۆپراسیۆنیان هەیە، كە پشت بەراپۆرتەكانی كەشناسی دەبەستێت تا بۆ هەر دۆخێك بڕیاری پێویست بدات.

وتیشی:" بەپێی راپۆرتەكان سبەینێ سێشەممە دۆخی كەشوهەوا لە هەولێر ئاسایی دەبێت، لەهەموو حاڵێكدا لەوانەیە پلەكانی گەرما بگەنە دوو پلە ژێر سفر، هەربۆیە هیچ هۆكارێك نابینن تا پشووی فەرمی رابگەیەنن."

پارێزگاری هەولێر، جەختی لەوەكرد، لەناوچە شاخاوییەكان و تەنانەت لە ناوەندی شارەكانیش هەر كات بەپێی گۆڕانی دۆخی كەشوهەوا، پێویست بكات، بڕیاری گونجاو دەدەن.

ئومێد خۆشناو، ئەوەی ڕوونیكردەوە، دەسەڵات دراوەتە قائیمقامێتییەكان و بەڕێوەبەراتییە گشتییەكانی پەروەردە هەر دۆخێكی لەناكاو هاتە ئاراوە، قسەی لەسەر دەكەن و بڕیاری پێویستی لەبارەوە دەدەن.

ئەوەش لەكاتێكدا دێت، ئەمڕۆ دووشەممەن هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند:" لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و، دوای ڕاوێژكردن بە فەرمانگا پەیوەندیدارەكان و بەڕێوەبەرێتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی و یەكە كارگێڕییەكان، بەهۆی دابەزینی زۆری پلەكانی گەرما لە سنوری پارێزگای سلێمانی و، لە پێناوی پاراستنی سەلامەتیی و تەندروستیی گشتییدا؛ بڕیارماندا:"ڕۆژانی سێشەممەو چوارشەممە 20و 21ی ئەم مانگە ، لە هەموو خوێندنگاو ناوەندەكانی خوێندنی حكومیی و ناحكومیی، دەوام ڕابگیرێت."

 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن